کەلار.. دوو کەس بە تۆمەتی دزی دەستگیر دەکرێن
ئەمڕۆ سێشەممە 11/4//2017، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەلار ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و، تێیدا ھاتووە: "لە چەند رۆژی ڕابردوودا کەسێک بە مەبەستی دزیکردن لە گەڕەکی حەمرینی قەزای کەلار چووەتە ماڵێکەوە، کە ئەو ماڵە بەمەبەستی گەشتکردن چووبوونە دەرەوە، بەڵام لەو کاتەدا چەند ئەندامێکی ئەو ماڵە دەگەڕێنەوە و ئەو تۆمەتبارە لە ماڵەکەی خۆیاندا دەبینن، بەڵام تۆمەتبارەکە ھەڵدێت".
لە ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کە خاوەنی ماڵەکە پەیوەندی بە پۆلیسی کەلارەوە کردووە و ناونیشانی ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکەیان بە پۆلیسی کەلار دا و لە ماوەیەکی کەمدا توانیان ئەو ئۆتۆمبێلە بدۆزنەوە و تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن، دوای لێکۆڵینەوەش دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئاماژەی بە ناوی کەسێکی دیکەش کردووە، کە بەیەکەوە ئەو کارەیان ئەنجام داوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە ئێستا ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیر کراون و بە بڕیاری دادوەر و بە پێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی، بەند کراون.
باسنیوز
