نوێنەرێكی كورد: بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بە ھیچ شێوەیەك جێبەجێ ناكرێت
(خۆشەوی خەلیل)، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''بەپێی ڕێككەوتنی نێوان سەرۆكی پەرلەنی عێراق و فراكسیۆنە كوردستانییەكان، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕاسپێردراوە، لە ماوەی حەفتەیەكدا بە بڕیارەکەی پەرلەمان دەربارەی داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركووكدا بچێتەوە. بەڵام پێم وا نییە لە ماوەی یەك حەفتەدا لایەنە سیاسییەكان بتوانن بگەنە ئەنجامی كۆتایی بۆ چارەكردنی پرسەكە و پێویستی بە كاتی زیاتر هەیە، چونكە لە حەفتەیەكدا ناتوانن دانوستان بكەن و دەرچەیەكی دیكە ببیننەوە، بۆ ئەوەی بڕیارەكە ڕاست بکرێتەوە و ناوەڕۆكی پێشووی لاببرێت، كە باس لە داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك دەكات. پێشم وایە داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك كارێكی مەحاڵە و بە ھیچ شێوەیەك ناکرێت ئاڵای میللەتێك دابگرن.''
پەرلەمانتارەكەی كورد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: ''لە بنەڕەتدا بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵە بوو، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نوێنەری خەڵكی كەركووكە و ئەو ئەنجوومەنە بڕیاری داوە، واتا خەڵكی كەركووك بڕیاری داوە، لەبەر ئەوە بە ھیچ شێوەیەك بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق لە كەركووك جێبەجێ ناكرێت و ئاڵای كوردستان داناگیرێت.''
(خۆشەوی خەلیل) گوتیشی: ''كورد پێكھاتەیەكی سەرەكیی عێراقە و بەبێ كورد بڕیارێكی وەھا گرینگ و ھەستیار جێبەجێ ناكرێت، ھەتا ئەو كاتەی كورد و خەڵكی كەركووك لە دەركردنی بڕیارەكەدا بەشدار دەبن. ئێستا ئێمە چاوەڕێی ئەوەین لایەنە سیاسییەكان بگەنە ڕێككەوتنێك، تا بتوانین ڕێگری لە بڕیارێكی ھەڵە بكەین و جارێكی دیكە بەبێ كورد بڕیارێك نەدرێت، کە پێوەندیی بە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانەوە ھەبێت.''
KDP-
