محەمەدی حاجی مەحموود: ڕاپرسی نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێک
شاندی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ گفتوگۆ دەربارەی پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەکە، (محەمەد حاجی مەحموود)، سکرتێری حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان و (مەلا بەختیار) لێپرسراوی دەستەی کارگێریی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوهڕۆكی كۆبوونهوهكهیان بۆ ڕای گشتی خستەڕوو.
(محەمەد حاجی مەحموود) ڕایگەیاند، ڕاپرسی نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێک و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیانی بە هەنگاوێکی گرینگ ناو برد و دەستخۆشیشی لەو شاندە کرد، کە سەردانی بەغدایان کردووە و لەوێش ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان تاوتوو دەکەن.
شاندی پارتی و یەکێتی سەردانی چەند حزبی دیکەش دەکەن و دواتر جارێکی دیکە بە هاوبەشی کۆ دەبنەوە و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی کوردستانی بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی دەدرێت.
لای خۆیشیەوە (مەلا بەختیار) پێوەست بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێ، کاروانەکە کەوتە ڕێ و ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت. ئاماژەیشی بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان دا و گوتی، جارێکی دیکەش پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە و بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی کوردستانی بۆ سازدانی ڕیفراندۆم دەدرێت.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە لە (د. ڕۆژ نووری شاوێس) و (هۆشیار زێباری)، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و، شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پێکهاتووە لە (مەلا بەختیار) لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی و (حاكم قادر)، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی.
KDP-
