بارزانی: پێویستە دانیشتووانی ناوچە ئازادکراوەکان بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئایندەی خۆیان بدەن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندی سەرۆكەكانی تاییفە مەسیحییەكانی عێراق و كوردستان کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی 4ـی 2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی سەرۆكەكانی تاییفە مەسیحییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستانیان كرد لە پاڵپشتیكردنی مەسیحییەكان لە كاتی تەنگانە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتەی مان و نەمانی مەسیحییەكانی كردووەتە ئامانج.
هاوکات وێڕای سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە، پێزانینیان بۆ قارەمانێتی پێشمەرگە هەبوو و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانیشیان لە سەرۆك بارزانی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا شاندی سەرۆكەكانی تاییفە مەسیحییەكانی عێراق و كوردستان نیگەرانییەكانی خۆیان لەبارەی ئاییندەی ناوچە ئازادكراوەكانیان و دوا پێشهاتە مەیدانییەكان و هەروەها قۆناغی دوای داعش بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
لەبەرانبەردا بارزانی، سیاسەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی قۆناغی دوای داعش خستەڕوو و وێڕای ئاماژەدان بە سەرهەڵدانی داعش و پەلاماردانی تیرۆریستان بۆسەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان، ئەوەی دووپاتكردەوە كە هیچ كات لەگەڵ ئەوە نەبووە كە خوشك و برا مەسیحییەكان وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن و هەر لەسەرەتای شەڕی داعش بەوانی ڕاگەیاندووە كە یان بەیەكەوە بە ئازادی دەژین، یان پێكەوە بە سەربەرزی دەمرین. هەروەها هێمایشی بە بارودۆخی ئاڵۆزی قۆناغی دوای داعش دا و ڕایگەیاند كە “هەرێمی كوردستان ئامادەیە لە هەموو دۆخێكدا یارمەتیی خوشك و برا مەسیحییەكان بدات بۆ ئەوەی ئاییندەیان گەرەنتی ببێت و بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان”.
هەرلەوکۆبوونەوەیەدا بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە دانیشتووانی ناوچە ئازادكراوەكان بڕیاری كۆتایی لەسەر ئاییندەی خۆیان بدەن و بشتوانن خۆیان بپارێزن و بەڕێوە ببەن و پەیوەست بەم باسەوە ئامۆژگاری و ڕێنمایی پێویستی خستەڕوو.
bas news -
