د. ڕۆژ نووری شاوەیس: دەبێت ئەولەویەتی کارەکان بۆ ڕیفراندۆم بن

د. ڕۆژ نووری شاوەیس: دەبێت ئەولەویەتی کارەکان بۆ ڕیفراندۆم بن


ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕای گەیاند، سەرەڕای پرسی ڕیفراندۆم، بارزانی پابەندی دەستپێشخەرییەکەی خۆیەتی و ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانیش داوا دەکات بەهۆی کارانەکردنەوەی پەرلەمانەوە ڕیفراندۆم دوا نەخرێت.



د. ڕۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ لای بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ئاماژەی بەوە کرد کە ”ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کوردستان و ڕیفراندۆم دوو کاری گرنگن کە پەیوەندییان بەمڕۆ و داهاتووی میللەتەکەمانەوە هەیە، بەڵام لە کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیدا پرسی ڕیفراندۆم بە ئەولەویەتی پلە یەک داندرا، چونکە ئەمڕۆ دۆخێک هاتووەتە پێشەوە کە ئەو دەرفەتەی بۆمان ڕەخساوە، ڕەنگە بەو شێوەیە نەمێنێت، ئەگەر ئەوە بڕوات، دەرفەتێکمان لە دەست دەچێت کە لە زۆر شتی دیکە گرنگترە. بە پلە یەک کار بۆ ڕیفراندۆم بکرێت“.



د. ڕۆژ ئاماژەشی بەوە کرد کە ڕیفراندۆم خۆی لە خۆیدا یاسایی و شەرعییە و مافی هەموو میللەتێکە تا بزاندرێت ڕای ئەو میللەتە چییە؟ لە زۆر شوێندا ئەمە بیندراوە و ئەو میللەتانەی ڕێگەی سەرفرازی و سەربەخۆییان گرتووەتە بەر، ڕیفراندۆمیان کردووە. گوتیشی: ”بابەتی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ، پێویست دەکات ئەوە بکرێت، تەنیا یەک چارەسەریش بۆ کێشەکان نین، بەڵکوو جۆرەها ڕێگە هەیە، تا بتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین“.



لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر پشتیوانیکردنی ڕیفراندۆم، ئەندامەکەی شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە دەبێت دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتی لە پرسی میللەتان و ڕزگاریی میللەتان جیا بکەینەوە، میللەتێک کە مەزلوومە و دەست دەداتە چەک، هەموو کەسێک مافی دەداتێ بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام کەس بە ئاشکرا بەرگری لێ ناکات، ئەمریکا خۆی دەزانێت چی ڕادەگەیەنێت و چی ڕاناگەیەنێت“.



لە کۆتایی قسەکانیشیدا باسی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و ڕای گەیاند: ”ئەو دەستپێشخەرییەی کە کردوویەتی لە شوێنی خۆیەتی و سەرۆک بارزانی پابەندی دەستپێشخەرییەکەی خۆیەتی و ئامادەیە حزبەکان هەموو کۆببنەوە و چارەسەری کێشەکان بکەن، ئەو بە چارەسەرەکە ڕازی دەبێت“.



هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، کۆبوونەوەکەیانی بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ”ئەنجامی باشی هەبوو“ە. ڕوونیشی کردەوە: ”ڕیفراندۆم تەنیا پەیوەندی بە حزبێکەوە نییە، ئێستا کە شەڕی داعش خەریکە کۆتایی دێت، پرسی ڕیفراندۆم زۆر گرنگە و ناکرێت بەهۆی کارانەکردنەوەی پەرلەمانەوە بوەستێندرێت یان دوابخرێت. ئێمە پێمانوایە بە زووترین کات ڕیفراندۆم بکرێت کە دەبێتە چەکێکی دیپلۆماسیی گرنگ“.



دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 2ی نیسانی 2017، شاندێکی هاوبەشی پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهاتووە و تاوەکوو ئێستا، زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای (یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، حزبی شیوعیی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان) و بزووتنەوەی گۆڕانیش لە ڕاگەیاندراوێکدا باسی لەوە کرد کە بۆ ئەو بابەتە دەبێت پەرلەمان بڕیار بدات و پێیانوایە پێویستی بە کۆبوونەوەی حزبی نییە.

bas news -
Top