بڕیار دان لە ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەت بوون لەسەرەتاترین مافەکانی مرۆڤە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/4/ 2017 لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، تێدا ھاتووە: "لە ھیچ تێکست و نووسراوێکی نێودەوڵەتی ماددە و بڕگەیەک نییە مافی بە دەوڵەت بوون ڕەت بکاتەوە، بۆیە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم لە کوردستان، جوانترین شێوازی مەدەنییە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ھەرێمی کوردستان کە لەگەڵ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ یەکانگیرە بۆ بەرقەرار بوونی ئاشتی و سەروەری یاسا".
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بڕیاردان لە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ یەکێکە لە سەرەتاترین مافەکانی مرۆڤ بە تایبەتی ئێستا کە ھەرێمی کوردستانی عێراق دەیەوێت لە ڕێگای ئاشتی و دیالۆگ و زمانی دەنگدان لە ڕێگای ڕیفراندۆم لە جیاتی زمانی شەڕ و توندوتیژی ئەو مافە پەیڕەو بکات، ئەگەر لە سەدەی ڕابردوو باس لە مافی چارەی خۆنووسین دەکرا و چەندین گەل و میللەتانی دونیا گەیشتن بە مافی سەروەری خۆیان، ئەوا ئەمڕو مرۆڤایەتی و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ باس لە مافی بە دەوڵەت بوون دەکەن کە ھەموو گەلانی دونیا ھەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن بە شێوەی ڕیفڕاندۆم و ئاشتیانە دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان ڕابگەیەنن، مافی بە دەوڵەت بوون لە چەندین پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان دا ھاتووە و چەندین بڕیاری نێودەوڵەتی لە کۆمەڵەی گشتی و ئەنجوومەنی ئاسایش، جەختیان لەسەر مافی بە دەوڵەت بوون و سەربەخۆیی کردۆتەوە، بە نموونە برگەی (1) لە ماددەی (1) لە پەیماننامەی نێودەولەتی تایبەت بە مافەکانی سیاسی و مەدەنی سالی 1966 و بریارەکانی ژمارە 637 ساڵی 1952 و بڕیاری ژمارە 8/738 لە ساڵی 1953 ژمارە 1803 لە ساڵی 1961 و بڕیاری ژمارە 2625 لە ساڵی 1970 و بڕیاری ژمارە 1415 لە ساڵی 1960.
جێگەی ئاماژەیە لە ھیچ تێکست و نووسراوێکی نێودەوڵەتی ماددە و بڕگەیەک نییە مافی بە دەوڵەت بوون ڕەت بکاتەوە، ئێمە وەک دەستەیەکی نیشتمانی سەربەخۆ بۆ مافەکانی مرۆڤ لەوکات و ساتەدا ڕێز لە ئیرادەی گەلان و نەتەوەکان دەگرین کەدەیانەوێ بەمافەکانی خۆیان بگەن بە خەڵکی کوردستانیشەوە بەتایبەتی ، دووپاتی دەکەینەوە کە مافی دەوڵەتی سەربەخۆیی مافی گەلی کوردستانە بە ھەموو پێکھاتە جیاوازەکانی ئایینی، ئیتنی و نەتەوەیی کە لەو خاکە دەژین بەیەکەوە، بۆیە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم لە کوردستان جوانترین شێوازی مەدەنییە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ھەرێمی کوردستان، کە لەگەڵ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ یەکانگیرە بۆ بەرقەرار بوونی ئاشتی و سەروەری یاسا.
زیا بتڕۆس سڵێوا
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
ھەرێمی کوردستان 6 ی نیسانی 2017
bas news -
