محەمەدی حاجی مەحمود: لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆيی کوردستانداین
کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی ھاوبەشی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتیی کوردستان، لەگەڵ حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان کۆتایی ھات، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت کە پشتگیری خۆیان لە پرسی ڕیفراندۆم دەکەن و پێویستە ھەرچی زووترە ئەو پرسە نیشتمانییە یەکلایی بکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، 6/4/2017 شاندی باڵای ھاوبەشی یەکێتی و پارتی لە درێژەی سەردانەکانیان بۆ لای لایەنە کوردستانییەکان، لە شاری سلێمانی لەگەڵ حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان کۆبوونەوە.
محەمەدی حاجی مەحوود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی گرنگی نیشتمانییە و دەبێ بکرێت، بێگومان لە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئێمە و شاندی باڵای پارتی و یەکێتی، باسی دوو پرسی گرنگ کراوە کە یەکێکیان پرسی ڕاپرسی گشتییە کە مافێکی ئاسایی و یاسایی خەڵکی کوردستانە کە بتوانین ھەموو ڕاوبۆچونەکان بەھەند وەربگیرێ و بگەڕێینەوە بۆ ڕاو بۆچوونی ھەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە، بۆ ئەوەی ھەموومان پێکەوە بڕیار لە چارەنووسی میللەتەکەمان بدەین".
سکرتێری حزبی سۆسیال دیموکرات، ئەوەشی خستەڕوو: "لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەماندا باس لە پرسی ڕیفراندۆم و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکووک کردووە، بێگومان ئەو ئاڵایەی لە کەرکووک ھەڵکراوە جارێکی داناگیرێتەوە".
محەمەدی حاجی مەحموود، راشی گەیاند: "حزبی سۆسیالیست ھەمیشە لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم و ھەموو پرسێکی نیشتمانیدا بووە، ئەمڕۆش پشتگیری خۆمان بۆ پرسی ڕیفراندۆم دەربڕیوە".
bas news -
