وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ داوا ده‌كات خێرخوازان ئاوڕ له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ بده‌نه‌وه‌

وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ داوا ده‌كات خێرخوازان ئاوڕ له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ بده‌نه‌وه‌
ئەمڕۆ پێنجشەممە (د. پشتیوان سادق) وەزیرى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هۆڵى (پێشمەرگە)ى قوتابخانەى ئامادەیی کچانى (قەڵا)ى لە شارى هەولێر کردەوە کە لە لایەن خێرخوازان و بە سەرپەرشتى بەڕێوەبەر و ئەنجوومەنى دایک و باوکان، دروست کرابوو.



به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێك، لە مەراسیمى کردنەوەکەدا کە چەندین چالاکى ژینگەپارێزى و بەکارهێنانەوەى کەلوپەلى لەکارکەوتوو و دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ مەبەستى خوازراو ئەنجام درابوون، وەزیرى پەروەردە بە کەناڵەکانى ڕاگەیاندنى گوت : "ئەوەى کە ئەمڕۆ ئێمەى هێناوەتە ئێرە، نیشاندان و کردنەوەى خزمەتێکى گەورەى خێرخوازێکە بۆ هاوکاریکردنى کەرتى پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان و ئەم هەوڵانە ئێمە بە هەند و ڕێزەوە ئاوڕیان لێ دەدەینەوە و دڵنیاین کە هەرێمەکەمان کەسانى دڵسۆزى هاوشێوەى زۆرى هەن کە دەشێت ئێمە پشت بە هەموویان ببەستین".



هەروەها وەزیرى پەروەردە لە وەڵامى پرسیاركدا باسى لەوە کرد کە " خێرى قوتابخانە درووستکردن لە لایەن خێرخوازانەوە هیچى کەمتر نییە لە خێرى مزگەوت درووستکردن، بەتایبەت لەم کاتەدا کە دەیان قوتابخانەمان خراونەتە خزمەت ئاوارەکان و بەمەیش بارگرانییەکى زۆرمان بۆ دروست کراوە".



لە کۆتاییدا وەزیرى پەروەردە هیواى خواست کە خێرخوازان زیاتر ئاوڕ لە پەروەردە وەک بنەما و ژێرخانى پێشکەوتنى هەر وڵاتێک بدەنەوە.
bas news-
Top