سێ زانکۆ دیبەتێک بۆ چارەنووسی ھەرێمی کوردستان ساز دەدەن

سێ زانکۆ دیبەتێک بۆ چارەنووسی ھەرێمی کوردستان ساز دەدەن


ھەرسێ زانکۆی ئیشک، سەلاحەدین و فەرەنسی لوبنانی، لە ھەولێر، دێبەتێکی ھاوبەشیان لەبارەی ئایندە و چارەنووسی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، لەنێوان (مانەوەی فیدراڵییانە لەنێو عێراقدا، یان ریفراندۆم و سەربەخۆیی، یاخود راگەیاندنی سەربەخۆیی و بەستنی کۆنفیدراڵییەک لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێدا) رێک خست.



لە درێژەی چالاکییەکانی بەشی یاسای زانکۆی ئیشک لە ھەولێر، کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/4/2017، لە یەکێک لە ھۆڵەکانی زانکۆ، دیبەتێک بۆ نۆ قوتابیی دواقۆناغی بەشی یاسای ھەرسێ زانکۆی ئیشک، سەلاحەدین و فەرەنسی لوبنانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیان و مامۆستایان و یاساناسان، ساز درا.


ئەم دیبەیتە بۆ ئەوە رێک خرا کە ئاخۆ لە روانگەی قوتابیانی بەشی یاسای ھەریەکە لەو زانکۆیانە، ئایندەی یاسایی سیاسیی ھەرێمی کوردستانی عێراق، لەنێوان ھەرسێ بژارەی (مانەوەی فیدراڵییانە لەنێو عێراق، یان ریفراندۆم و سەربەخۆیی، یاخود راگەیاندنی سەربەخۆیی و بەستنی کۆنفیدراڵییەک لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێدا) بەرەو کام چارەنووس بڕوات باشترە.



بۆ دەستنیشانکردنی باشترین گرووپی دیبەیتکار و باشترین قوتابیی بەشداری دیبەیت، لیژنەیەکی حەوت کەسی لە مامۆستایانی یاساناسی ھەرسێ زانکۆ دیاری کرابوون، بە سەرۆکایەتیی مامۆستایەکی بێلایەن.


پاش ئەوەی ھەرسێ گرووپ پێشنیاری خۆیان بۆ ئایندەی سیاسیی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیشەوە، خستە روو، گفتوگۆیەکی چڕ لەنێوان ھەرسێ گرووپ کە ھەر یەکەیان لەگەڵ داڕشتە و بژارەیەکی جیاوازدا بوو، بەڕێوە چوو.


لە کۆتاییدا، پاش ئەوەی لیژنەی داوەری بڕیاری خۆی دا، گرووپی قوتابیانی زانکۆی ئیشک، کە قوتابییەکی کچی عەرەبیشیان تێدابوو بەناوی (زەینەب) و لەگەڵ ئەوەدا بوون ھەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و پاشان کۆنفیدراڵی لەگەڵ عێراق یان تورکیادا پێک بھێنێ، بە باشترین گرووپی دیبەیتکاز دەرچوون و یەکێک لە قوتابیانی زانکۆی فەرەنسی لوبنانیش بە باشترین بەشداری سەرجەم دیبەیتەکە دەستنیشان کرا.


لە کۆتاییدا، بەشداران بڕوانامەی رێزلێنان و سەرکەوتووانیش خەڵاتی باشترینەکانیان پێ بەخشرا.



bas news -
Top