کۆمپانیای چاڤی: کۆمەڵێک چەکدار بەناوی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدەوە ھەڵیانکوتایە سەر چاڤی لاند

 کۆمپانیای چاڤی: کۆمەڵێک چەکدار بەناوی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدەوە ھەڵیانکوتایە سەر چاڤی لاند
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمپانیای چاڤی لاند، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات کە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆمەڵێک چەکدار بەناوی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد بەشێوەیەکی نایاسایی ھەڵیان کوتاوەتە سەر چاڤی لاند.

کۆمپانیای چاڤی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، تێدا ئەوەی خستوەتەڕوو: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/4/2017 کۆمەڵێک چەکدار کە خۆیان ناساندوە وەک چەکداری سەر بە سکرتاریەتی یەکێتی و لە لایەن ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدەوە نێردراون، ھەڵیانکوتایە سەر پرۆژەی چاڤی لاند و بە بیانوی زیادەڕەوی دەستیان گرتوە بە سەر کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی گەورەی بیناسازی کۆمپانیاکەماندا کە خەریکی کارکردنبوون لەنێو پرۆژەکانی چاڤی لاندا".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە: "ئەو چەکدارانە بە مەبەست ھاتوون و ھیچ پەیوەندییەکی بەزیادەڕەوییەوە نییە، چونکە ئەو زەوییەی کە کاری لەسەر دەکرێت مۆڵکی سرفی کۆمپانیایە و مۆلەتی وەبەرھێنان و مۆلەتی کارکردنی ھەیە و ھەموو بەڵگەنامە یاساییەکانی تەواوە".

چاڤی لاند، ئاشکرای دەکات: "ئەم ڕێگرییەی ئەو چەکدارانە پەیوەندی بە کێشەی ترەوە ھەیە، ئەویش ئەوەیە کۆمپانیایەک کە ناوی شانازی خوشکی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدیان بە کارھێناوە ٧ ھەزار مەتر دووجا زەوی کۆمپانیای چاڤیان داگیرکردوە و داوایانکردوە کە کۆمپانیای چاڤی دەستبەرداری ئەو زەوییە بێت بە خۆرایی و بێ بەرامبەر لە کاتێکدا کە زەوییەکە موڵکی سرفی کۆمپانیایە و تاپۆی ھەیە، ئەو کۆمپانیایەی کە بە ناوی شاناز ئیبراھیمەوە قسەیان کردوە وتیانە ئەگەر ئەو زەوییەمان نەدەنێ ئەوا ڕێگە لە کۆمپانیای چاڤی دەگرین و ئیشوکارتان رادەگرین".

لە ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش ڕوون کراوەتەوە: "لەبەرامبەر ئەم کارەی چەکدارەکانی سکرتاریەتی یەکێتی و بڕیاری ناردنی ھێز لە لایەن ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدەوە، وەکو کۆمپانیای چاڤی داوای یاساییمان لەسەر ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد تۆمارکردوە بە تۆمەتی ناردنی ھێز و جوڵاندنی ھێز لە دەرەوەی یاسا و فەرمانگە رەسمییەکانی ھەرێمی کوردستان".








باسنیوز
Top