کۆمپانیای چاڤی: کۆمەڵێک چەکدار بەناوی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدەوە ھەڵیانکوتایە سەر چاڤی لاند
کۆمپانیای چاڤی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، تێدا ئەوەی خستوەتەڕوو: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/4/2017 کۆمەڵێک چەکدار کە خۆیان ناساندوە وەک چەکداری سەر بە سکرتاریەتی یەکێتی و لە لایەن ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدەوە نێردراون، ھەڵیانکوتایە سەر پرۆژەی چاڤی لاند و بە بیانوی زیادەڕەوی دەستیان گرتوە بە سەر کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی گەورەی بیناسازی کۆمپانیاکەماندا کە خەریکی کارکردنبوون لەنێو پرۆژەکانی چاڤی لاندا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە: "ئەو چەکدارانە بە مەبەست ھاتوون و ھیچ پەیوەندییەکی بەزیادەڕەوییەوە نییە، چونکە ئەو زەوییەی کە کاری لەسەر دەکرێت مۆڵکی سرفی کۆمپانیایە و مۆلەتی وەبەرھێنان و مۆلەتی کارکردنی ھەیە و ھەموو بەڵگەنامە یاساییەکانی تەواوە".
چاڤی لاند، ئاشکرای دەکات: "ئەم ڕێگرییەی ئەو چەکدارانە پەیوەندی بە کێشەی ترەوە ھەیە، ئەویش ئەوەیە کۆمپانیایەک کە ناوی شانازی خوشکی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدیان بە کارھێناوە ٧ ھەزار مەتر دووجا زەوی کۆمپانیای چاڤیان داگیرکردوە و داوایانکردوە کە کۆمپانیای چاڤی دەستبەرداری ئەو زەوییە بێت بە خۆرایی و بێ بەرامبەر لە کاتێکدا کە زەوییەکە موڵکی سرفی کۆمپانیایە و تاپۆی ھەیە، ئەو کۆمپانیایەی کە بە ناوی شاناز ئیبراھیمەوە قسەیان کردوە وتیانە ئەگەر ئەو زەوییەمان نەدەنێ ئەوا ڕێگە لە کۆمپانیای چاڤی دەگرین و ئیشوکارتان رادەگرین".
لە ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش ڕوون کراوەتەوە: "لەبەرامبەر ئەم کارەی چەکدارەکانی سکرتاریەتی یەکێتی و بڕیاری ناردنی ھێز لە لایەن ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدەوە، وەکو کۆمپانیای چاڤی داوای یاساییمان لەسەر ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد تۆمارکردوە بە تۆمەتی ناردنی ھێز و جوڵاندنی ھێز لە دەرەوەی یاسا و فەرمانگە رەسمییەکانی ھەرێمی کوردستان".
باسنیوز
