عەلی دۆڵەمەری: كەركووك کوردستانییە و دانوستانی لەسەر ناکەین

 عەلی دۆڵەمەری: كەركووك کوردستانییە و دانوستانی لەسەر ناکەین
نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا ڕای دەگەیەنێت، هەموو شەڕەكانی كورد لەسەر كەركووك بووە، ئێمە دانوستان لەسەر كەركووك ناكەین، چونكە كەركووك بەشێكە لە خاكی كوردستان.

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا ڕایگەیاند: "هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك شتێكی نوێ نییە، ئێستاش كە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاری لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە فەرمی دەركردووە، دەستخۆشییان لێ دەكەین، دەبوو لە دوای ساڵی 2003ەوە ئەو كارە بكرایە، هەروەها ئێمە بە هیچ شێوەیەك دانوستان لەسەر كەركووك ناكەین، چونكە بەشێكە لە خاكی كوردستان و هەموو شۆڕشەكانی كوردستانیش لەپێناو كەركووكدا بووە، بەڵام لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا نەگەیشتنە ئەنجام".

نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا، پێی وایە، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا پێویستە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، بەپێی هەموو هەڵبژاردەكانیش ئەو ناوچانە زۆرینەی كوردە و لەگەڵ ئەوەشدا پێكهاتەكانی وەك عەرەب و ئەوانی دیكە پێیان باشە، هەرێمی كوردستان ئەو ناوچانە بەڕێوە ببات، چونكە دەتوانێت ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزێت".

گوتیشی: "ئومێد دەكەم ڕیفراندۆم لە سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین كات دەوڵەتی كوردستان لەسەر ئەم خاكە دروست بكەین".

بە بۆچوونی عەلی دۆڵەمەری، ڕیفراندۆم بڕیاری گەلە، گەل بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەدات، پەرلەمانیش دەنگی گەلە، كەوایە ئەگەر گەل بڕیار بدات ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، پێویستی بە پەڕلەمان نییە، هەروەها نابێ ئەوكاتەی بۆ ڕیفراندۆم هاتووەتە پێشەوە بە فیڕۆ بدرێت."

ئاماژەی بەوەش كرد: "سەرۆكی فەرەنسا 100% دەنگی هاووڵاتییانی فەرەنسای بەدەست نەهێناوە، تەنیا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێناوە و نوێنەرایەتیی تەواوی گەلی فەرنسا دەكات، لەو سۆنگەیەشەوە ئێستا پارتی و یەكێتی نوێنەرایەتیی گەلی كورد لە باشووری کوردستان دەكەن، چونكە دەنگی زۆرینەی هاووڵاتییانی كوردستانیان بەدەست هێناوە".







باسنیوز
Top