حدکا: ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان ئەزموون و نموونەیەکە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان
مستەفا هیجری لەو دیدارەدا ڕایگەیاندووە "بەڕای (ئێمە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکە لە هەر کوێ بژین، مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیار بکەن و ئێمە پشتیوانی لەم هەوڵەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕیوەبردنی ڕیفراندۆم دەکەن."
سکرتێری حدکا لەبارەی نیگەرانی و دژایەتیی ئێران لەم بارەوە گوتی "هەر هەنگاوێک کە بە ئاراستەی دیموکراسی و دیاریکردنی مافی چارەنووس لەلایەن گەل و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵبگیرێت، کۆماری ئیسلامی لێی نیگەرانە، چونکە کۆماری ئیسلامی باوەڕێکی بەم مافانە نییە".
مستەفا هیجری لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لەو دیمانەیەدا دەڵێت "کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم هەوڵە نیگەرانە و ترسی لێ نیشتووە و دەیهەوێ بە گوشاری جۆراوجۆر، پێش بەم هەوڵ و هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگرێت".
سکرتیری (حدکا) لەو باوەڕە دایە "بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، نەتەنیا کاریگەریی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان دەبێت، بەڵکوو لەسەر نەتەوە و پێکهاتە ژێردەستەکانی دیکەی ئێرانیش کاریگەریی دەبێت و لەو ڕوانگەیەوە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێژەی دانیشتوانیان لە هەرێمی کوردستان زیاترە، ئێران نیگەرانی ئەم پرسەیە کە ئەمە هانیان بدات کە لەبیری ڕەخساندنی وەها دەرفەتێکدا بن، هەڵبەتە گومانی تێدا نییە کە ئەم پرۆسەیە کاریگەریی لەسەر فکری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، هەروەها نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکەی ئێران دەبێت".
مستەفا هیجری لە کۆتاییدا سەرەڕای پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان دەلێت "سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نموونە و ئەزموونێکی شیاوە بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان".
باسنيوز
