وەزارەتی پێشمەرگە: ڕەنگە پرۆتۆکۆلی ھەولێر و واشنتۆن بکرێتە ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی سەربازی
ھەڵگورد حیکمەت، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ھۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "دوایین شاندی سەربازیی ئەمەریکا بۆ ھەولێر کاریگەریی زۆری لەسەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و واشنتۆن ئیدارەی ئەمەریکا ھەبوو".
ئەو بەرپرسە لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاندووە: "ئیدارەی ئەمریکا دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئەمەریکا کران، وای کرد ئەم شاندە بگاتە ھەرێمی کوردستان و ئامانج لەو سەردانە ئەوە بوو کە لە نزیکەوە لەگەڵ پیشمەرگە و سوپای عێراق کۆ ببنەوە و ئەجێنداشیان ھەبووە“.
ئەوەش ڕوون کردەوە کە لەسەر پرسی پرۆتۆکۆڵی ھەولێر و واشنتۆن، ویستی پێشمەرگە ئەوەیە کە ئەم پرۆتۆکۆلە نوێ بکرێتەوە و فراوان بکرێت بۆ بواری دیکەش و زیاتر بکرێت لەوەی پێشووتر. گوتیشی: ”ئەمە ڕەنگە بابەتی دانیشتنی ئەمجارە نەبووبێت، بەڵام ڕەنگە لە داھاتوودا لەسەر ئەم پرسە قسە بکرێت، چونکە وادەی کۆتایی پرۆتۆکۆلەکە نزیک بووەتەوە، لەبەر ئەوە ڕەنگە لە داھاتوودا لە سەردانی شاندی ئێمە و ئەواندا قسەی لەسەر بکرێت".
لەبارەی ئەگەری گۆڕانی ئەم پرۆتۆکۆلە بۆ ڕێککەوتنی ستراتیژیی سەربازی، ھەڵگورد حیکمەت ڕایگەیاند: "ڕەنگە ئەمە ویستی ئێمە بێت و دەبێ لەگەڵ ئەمەریکاش لەسەر ئەم پرسە قسە بکرێت و رەنگە ئەمە پێویستی بە شاندی سیاسیش ھەبێت، ئەمە یەکێکە لە ئەگەرەکانی بەردەممان“.
ڕۆژی (٢٠١٦/٠٧/١٢) بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە شاری ھەولێر، لە نێوان بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، پرۆتۆکۆلێک واژۆ کرا.
باسنیوز
