شارەزایەکی ئابووری: لە داهاتوویەکی نزیکدا جووڵە دەکەوێتە بازاڕەکانی کوردستانەوە

 شارەزایەکی ئابووری: لە داهاتوویەکی نزیکدا جووڵە دەکەوێتە بازاڕەکانی کوردستانەوە
سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی و لێکۆڵینەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەرنامە هەیە بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان بەرەو کۆتایی بچێت و دەڵێت: "لە داهاتوودا کار لەسەر سێکتەری جۆراوجۆر دەکرێت بۆ پرسی دارایی و ئابووری لە کوردستان".

د. ئاراس خۆشناو، گوتی: "دوای شەڕی داعش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دۆخی ئابووریی کوردستان باشتر دەبێت، ڕاستەخۆ کەمبوونەوەی نەفەقاتی زۆری شەڕ کە بارگرانیی زۆرە، ئەوە کەم دەبێتەوە دووەم ئەو بارقورسیەی بەهۆی شەڕەکان لەسەرمانە کەم دەبنەوە و دواتر هیوادارین ئاوارەکان بچنەوە شوێنی خۆیان و سێییەم کۆمەڵێک خەرجی هەیە لەسەر حکوومەت زۆر کەوتووە، لەوانە خەرجی بابەتی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری کە یەک لەسەر سێی دانیشتوانمان زیاد بووە کە بە چوونەوەی ئەو ئاوارانە ئەو خەرجییانە لەسەر حکوومەت کەم دەبنەوە."

ئەو پسۆڕە لە درێژەدا گوتیشی: "لە دۆخی ئابووریدا حکوومەت کۆمەڵێک ئیجرائاتی کردووە یەکەم پێداچوونەوە بە خەرجیی خۆی بەگشتی، خەرجی بەکاربەر لەم دواییانە زۆر کەمی کردووە، زۆر شت هەبووە پارەی بۆ خەرج نەکراوە، ئەو خەرج نەکردنە کاریگەریی لەسەر دارایی حکوومەت هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەت کاری کردووە بۆ زیادکردنی داهاتەکانی لە دەرەوەی پرسی نەوت و ئەوەش کاری لەسەر کرا و خەریکە جێگەی خۆی بگرێتەوە و لە داهاتوودا ڕەنگە داهاتی حکوومەت زیاتر ببێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "وێرای ئەوەش حکوومەت ئەو قەرزانەی لەلای کۆمپانیاکانی نەوت لەسەری هەبووە، لە ماوەی ڕابردوودا بە بەرنامەیەکی داڕیژراو بەشێکی زۆری قەرزەکان دراوەتەوە، و فرۆشتنی نەوت بڕیارە هەنگاوەکانی خێرارتر بکرێت و چاوەڕوانین لە ماوەیەکی نزیکدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ باشتربوونی دۆخی کوردستان".

گوتیشی: "بڕیاری حکوومەت دەرچووە کە قەرزی بانکەکان و کۆمپانیاکان و مقاوەلەکان خەرج بکرێت و ئەوەش جووڵانەوە لە بازار دروست دەکات ئەو پرۆژانەی حکوومەت کردوویەتی وای کردووە جووڵەی بازار بەرەو باشتر ببات، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دۆخی ئابووریی کوردستان بەرەو باشتر بڕۆن".
د. ئاراس خۆشنا، ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە پێشینەکانی حکوومەت ئەوەیە کە پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە بکرێت و قەرەبووی ئەوانەش بکرێتەوە کە زەرەمەند بوون کە بڕیارە ئەمە بخرێتە بەرنامەوە، بەڵام بە چ بەرنامە و سیستەمێک دەبێت، ئەوە دیراسە دەکرێت و بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی فەرمانبەراندا دەبێت."


دەشڵێت: "هیوا هەیە و کار لەسەر ئەوە دەکرێت هەناردەی نەوتی کوردستان زیاتر بکرێت".















باسنیوز
Top