مامۆستایەکی زانکۆ: عێراقی یەکگرتوو کۆتایی ھاتووە

 	 مامۆستایەکی زانکۆ: عێراقی یەکگرتوو کۆتایی ھاتووە
مامۆستایەکی زانکۆ پێی وایە، ھەنگاوی یەکەمی بەرەو سەربەخۆیی دەستی پێ کردووە و دەشڵێت، عێراقی یەکگرتوو و ئه‌قڵییه‌تی پێکەوەژیان کۆتایی ھاتووە.

(د. شێرزاد زەکەریا)، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەنگاوەکانی بەرەو سەربەخۆیی دەستیان پێ کردووە؛ جەماوەری کوردستان بە ھەموو بیر و بۆچوونی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینیی خۆیانەوە لەگەل ئەوەدان، کە ڕیفڕاندۆم بکرێت و خەڵکی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەگەر بە ھەرھۆکارێکیش ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ دوا بكه‌وێت، بێئومێدی دروست دەکات.''

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا به ‌ھەنگاوێکی زۆر گرینگ وه‌سف ده‌كات، بۆ ئەوەی سەرەتا بە دانوستان بتوانرێت ئەو باوەڕە بۆ عێراق دروست بکرێت، كه‌ میللەتی كورد دەخوازێت بڕیاری خۆی بدات و سه‌ربه‌خۆ بێت، ''بەغدا ھەربڕیارێک بدات، پێی خۆش بێت و پێی ناخۆش بێت، باشتر وایە پرسێکیان پێ بکرێـت و بەئاشتیانە پرسەکە یەکلا بکرێتەوە.''

(د. شێرزاد زەکەریا) باوه‌ڕی وایه‌ تا ڕادەیەکی زۆر (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق درک بەو ڕاستییە دەکات، ئیدی عێراقی پێکەوەژیان و یەکگرتوو کۆتایی ھاتووە و دوای قۆناغی شەڕی داعش دەوڵەتی عێراق ناگەڕێتەوە دۆخی بەرلە شەڕ و لێکترازان دروست بووە. بەشێکی زۆری سەرکردە و سیاسییەکانی عەرەبی عێراقیش بەو باوەڕە گەیشتوون، بەڵام کێشە ئەوەیە کەسیان بە ڕاشکاوی ناڵێن لەگەڵ جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستانین، چونکە دەترسن پێگەی جەماوەرییان لەدەست بدەن، بەڵام لای ھەموویان ئاشکرایە، کە عێراق بەرەو دابەشبوون دەچێت.''

دەربارەی ھەڵوێستی وڵاتانی جیهان و ناوچەکەش گوتی: ''ڕاسته‌ ھەرکام لە وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێی عێراق پشک و ئەجێندای تایبەتی خۆیان لە عێراقدا ھەیە و، بەو ئاسانییە ڕازی نابن کورد لە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەمریکا و ئەورووپاش به‌ شێوه‌ی ڕاگه‌یەندراو ھەڵوێستیان دیار نییە، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر پشتگیری لە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەکەن و دەڵێن، پرسێکی نێوخۆیییە و دەبێت خەڵک بەپێی دەستوور و یاسا بڕیاری خۆیان بدەن.''

kdp-
Top