شرۆڤەکارێکی سیاسی: شاندی هەرێم پەیام و هۆشداری شەقامی کوردی بە بەغدا دەدەن

شرۆڤەکارێکی سیاسی: شاندی هەرێم پەیام و هۆشداری شەقامی کوردی بە بەغدا دەدەن
شرۆڤەکاری سیاسی (ساڵح مەلا عومەر) لەو باوەڕەدایە کە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، پەیام و هۆشداری شەقامی کوردی بە بەرپرسانی بەغدا دەدەن کە ئیدی کوردستان جاڕی ریفراندۆم دەدات.

دوای ئەوەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراقدا دەستی گرت بەسەر مووسڵ و هێرشی کردە سەرهەرێمی کوردستان و دواتر لەسەردەستی پێشمەرگەدا شکستی برد، لەوکاتەوە بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، هەرێمی کوردستان تێڕوانینی جیای بەرانبەر بە عێراق هەیە و چەندین جاریش بە بەغدای راگەیاندراوە کە ئیدی هەرێمی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدا و لەگەڵ عێراقێکدا نابێ کە بەهای پێکەوەژیان و شەراکەتی راستەقینەی لێ نەماوە.

ئەمڕۆیش کە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە بەشداری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و پرسی راپرسییان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا تاوتوو کرد، شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، دەبێ بەغدا ددان بەوەبنێ کە ئیدی هەرێمی کوردستان بڕیار لەچارەنووسی خۆی دەدات.

شرۆڤەکاری سیاسی (د.ساڵح مەلا عومەر) پێوەست بە سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەڵێ، ئیدی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە خۆی لەگەڵ بەغدا یەکلا بکاتەوە، کورد نایەوێ ببێتە قوربانی داهاتوو، دەبێ عێراق ددان بەوەبنێ کە هەرێم بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.
شەقامی کورد بەجۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لە بڕیاری راپرسی هەرێم بۆ سەربەخۆیی دەکەن، بە باوەڕی (ساڵح مەلا عومەر) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، شەقامی کوردی گەیشتووەتە ئەو باوەڕی کە چیتر ناتوانێ بەرگەی ئەوەبگرن کە لەگەڵ عێراقدا بمێننەوە، سەردانی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا گەیاندنی پەیام و هۆشداری شەقامی کوردستانە کە کورد دەیەوێ جاڕی ریفراندۆمی خۆی بدات.

لایەنی ئەرێنی سەردانی ئەم شاندەی هەرێمی کوردستان هەر تەنیا لەوەدانییە کە دەنگی شەقامی کوردستان دەگەیەندرێتە بەرپرسانی بەغدا، بەڵکو رەهەندێکی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتییشی هەیە، کە زەنگێکی ئاشکرای هەرێمی کوردستانە بۆ جیهان کە بەڵی کورد بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئامادەیە.

(ساڵح مەلا عومەر) لەبارەی کاریگەری ئەو سەردانە دەڵێ، ئەم سەردانە پەیامێکیشە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەمەریکا و ئەورووپایش کە کورد دەیەوێ خۆی لەگەڵ عێراق یەکلا بکاتەوە و هەروەها دەشڵێ، کە چاوەڕوانکراوە دوای ئەوەی ئەو شاندە دەگەڕێنەوە، سەردانی دیکەیشی بۆ بەغدا بەدواوەبێ.
kdp-
Top