پەرلەمانتارێكی پارتی: هەر بڕیارێک دژی كورد بێت شیعە و سوننە و توركمان لەسەری هاوڕان
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، هەر شتێك لەناو پەرلەمانی عێراقدا لەدژی كورد بێت، لایەنەكانی شیعە و سوننە و توركمانەكان هاوڕان لەسەری، چونكە لە سەرەتای دورستبوونی عێراقەوە، كورد بە هاووڵاتیی پەلە دوو سەیر كراوە.
نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "كوتلەی توركمانی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق توانیان لەسەر بڕیاری داگرتنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك، كۆدەنگیی كوتلەكانی ناو پەلەمان و سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەدەست بهێنن، چونكە گومانی تێدا نییە هەر شتێك دژی دۆزی كورد بێت، لایەنی شیعە و سوننە و توركمانەكان هاوڕان لەسەری، چونكە هەمان ئەو عەقڵیەتەی ساڵی بیستەكان عێراق بەڕێوە دەبات و كورد وەك هاووڵاتیی پلە دوو سەیر دەكەن".
ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە كورد لە ساڵی 2003وە بەداوی شەراكەتی ڕاستەقینەوەیە، بەڵام ئەوان هەموو هاوكێشەكان و دەستووریشیان پێشێل كردووە، نایانەوێت كورد بە مافی ڕەوای خۆی بگات."
باس لەوە دەكرێت پێشتر فراكسیۆنە كوردییەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد لە بەغدا نەیانتوانیوە كۆدەنگ بن، نەدا مێرگەسوری گوتیشی "هەندێك جار بەرژەوەندیی حزبی یا كەسی ڕێگر بووە، بووە لەوەی هاودەنگییەك لە نێوان فراكسیۆنە كوردییەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ یەكلا كردنەوەی چەندین پرسی پەیوەندی دار بە كورد هەبێت ".
bas news -
