شاندی کوردستان لەگەڵ عەبادی و حەکیم کۆ دەبێتەوە
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 5.4.2017، شاندە هاوبەشەکە سەردانی شاری بەغدا بکات و گرنگترین تەوەری گفتوگۆکانیش، پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە، کە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێکدێت.
شاندەکە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە، لە داکۆکیی لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات.
رۆژی یەکشەممە 2.4.2017، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و بڕیاری پێکهێنانی دوو شاندی هاوبەش درا، یەکێکیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستان و یەکێکیش بۆ سەردانی بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.
رۆژی دووشەممە 3.4.2017، شاندی هاوبەش لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و حزبی شیوعیی کوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێی پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا کرا بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و بڕیاریش بوو سەردانی گۆڕان بکەن.
باسنيوز
