"پێگەی جەماوەریی ئەنەکەسە لە عاموودا پەکەکەی سەخڵەت کردووە"

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، پێگەی جەماوەریی ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت لە عاموودا لەهەڵکشاندایە و ئێستا ٨٠%ی خەڵکی عاموودا لەگەڵ ئەنەکەسەدان، بۆیە پەکەکە دەستی کردووە بە گەمارۆ و ستەم دژی خەڵکی عاموودا.

عاموودا دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا-سووریا و لە ١٧ کیلۆمەتریی ڕۆژئاوای قامیشلۆ و ٢٥ کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی درباسێ هەڵکەوتووە. ژمارەی دانیشتووانەکەی ٤٥ هەزار کەسن، کە نیزیکەی ٣٥ هەزار کەسیان لەنێو سەنتەری شاردان. سەبارەت بە دۆخی شاری عاموودا لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، (عەبدولوەهاب باڤێ ئالان)، بەرپرسی ڕیزەکانی ئەنەکەسە لە عاموودا دەڵێت: ''خەڵکی عاموودا زۆرباش تێگەیشتوون، کە پەکەکە بۆ ڕژێمی سووریا کار دەکات و خەڵکی دەڕفێنێت، بۆیە ئێستا خەڵک لە عاموودا دەرگای ماڵیان بۆ ئەنەکەسە خستووەتە سەرپشت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵک زیاتر پێوەندی بە ئەنەکەسەوە دەکەن. پەکەکەش کاردانەوەی هەیە و خەڵکێکی زۆری عاموودای زیندانی کردووە و دەیەوێت دیموگرافیای عاموودا بشێوێنێت، چونکە خەڵکێکی گواستووەتەوە بۆ ناوچە عەرەبنشینەکان.''

ژمارەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا بە ٤ ملیۆن کەس دادەنرێت و زۆرینەی کوردان باوەڕیان بە ئەنەکەسەیە، بەڵام وەک چاودێرانی سیاسی دەڵێن، پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەزۆر و بە شێوەی میلیتاری خۆی بەسەر شارەکاندا سەپاندووە.

چاودێری سیاسی و خەڵکی عاموودا، (مەسعوود سلیڤی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا٨٠%ی خەڵکی عاموودا پێوەندییان بە ئەنەکەسەوە کردووە، ئەوان ستەمی پەکەکە قبووڵ ناکەن، لەکۆندا خەڵکێکی بەجەرگ بوون و لەدژی ڕژێمی سووریا شۆڕشیان کرد، ئێستاش لە دژی پەکەکە وەستاون.''
kdp-
Top