کوردستانیان بە دیالۆگی هەولێر لەگەڵ بەغدا بۆ ریفراندۆم دڵخۆشن

 	 کوردستانیان بە دیالۆگی هەولێر لەگەڵ بەغدا بۆ ریفراندۆم دڵخۆشن
هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بە چوونی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دڵخۆشن و پێیان وایە، مانەوەی كورد لە بەغدا هیچ سوودێكی نابێـت و پێویستە كورد بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی هەرێمی كوردستان خاوەنی بڕیاری خۆی بێت.

بەغدا وێستگەی داهاتووی گفتوگۆی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ تاوتووکردنی پرسی ریفراندۆم، بەتایبەت کە لەم حەفتەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە هاوبەشی بڕیاریاندا بچنە بەغدا و ئەو پرسە لەگەڵیاندا تاوتوو بکەن، کوردستانییان بەرلەرۆیشتنی ئەو شاندە خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن.

(د. كۆڤان ڕەمەزان) مامۆستای زانكۆی سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''چوونی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا زۆر پرس و كێشە یەكلا دەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی پێكەوەچوونی پارتی و یەكێتی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان ئۆمێدێكی زۆری لای خەڵكی هەرێمی كوردستان دروست كردووە و، هاووڵاتییان بە ئۆمێدەوە دەڕواننە سەردان و دیدار و بۆچوونەكانی ئەو شاندە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان.''

کوردستان لەئێستادا زەنگی سەرکەوتنی بەسەر تیرۆر لێ داوە و سنووری کوردستان ئەوەی جاران دەستکرد بوون، ئێستا هێزی پێشمەرگەی لێیە، هەروەک (سادق خدر)، کە پێشمەرگەیە لە شارۆچكەی مێرگەسۆر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''ئەوە 100 ساڵە پێشمەرگە قوربانی دەدات، بۆ ئەوەی گەلی كورد بە ئازادی بژیێت، ئێستا هەموو ناوچەكان ئازاد كراون و بە خوێنی پێشمەرگە نەخشەیان دیاری کراوە، بە خوێنیش نەبێت، ئەو ناوچانە چۆڵ ناكەین، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكەین، یەكڕیز بن، بۆ ئەوەی خەباتی هێزی پێشمەرگە بەفیڕۆ نەچێت.''

(محەمەد سەلیم)، هاووڵاتیی خەڵکی ڕواندز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''لێكنزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی زۆر لە كێشەكان چارە دەكات، بۆیە زۆر پێویستە ئەوان لێك نزیك ببنەوە، بۆ ئەوەی كێشەكانی هەرێم چارە بكەن و، جارێكی دیكە ئۆمێد بۆ هاووڵاتیان بگەڕێتەوە.''

ریفراندۆم ئەو مافە سرووشتییەی گەلی کوردستانە کە هەنگاوی جیددی بۆ دەنێ و دەیەوێ لە رۆژهەڵاتی ناویندا کورد جاڕی خۆی بدات، (هۆزان خۆرشید) چالاكی بواری سیاسی لە سۆران پێوەست بە ریفراندۆم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی باوەڕی وایە: ''ئێستا عێراق بووەتە سێ بەش. بۆیە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ڕیفراندۆم بكرێت، بەڵێ پێوستە ڕیفراندۆم بكرێت، بەڵام دەبێت ماڵی كورد ڕێك بخرێتەوە، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، ئەگەر كێشەیەك لەنێوانیاندا هەبێت، دەبێ ئەو كێشەیە نەهێڵن و چارەی بكەن. ئەوەی ڕۆژانە شەهید و بریندار دەبێت، یەكێتی و پارتین و، كەسی دیكە نییە، بۆیە دەبێ ئەو دوو لایەنە، چۆن لە ڕۆژی تەنگانەدا شاسواری مەیدان بوون، لە ڕۆژی دیاریكردنی چارەنووسی میللەتی كوردیشدا شاسواری مەیدان بن، چونكە هەلێكی زێرین بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە و دەبێ ئەو هەلە لەدەست نەدەین و خۆمانی بۆ ئامادە بكەین.''

سیاسه‌تی فه‌رمانڕانانی به‌غدا هیچ بەهایەکی بۆ پێکەوەژیان و شەڕاکەت نەهێشتووەتەوە و ئێستا بە باوەڕی چاودێرانی سیاسی کاتی سەربەخۆییە، هەروەک (دڵشاد وەیسی) لە شارەدێی هەریری سنووری شەقڵاوە بۆ ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاماژەی دا: ''هیچ ئومێدێكی ئایندەی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا نابینین و، وەكو مافێكی ڕەوا، كە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، هەموو گەلێك مافی هەیە بڕیار لە ‌ئایندە و چارەنووسی خۆی بدات، پێویستە بەزوویی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پڕۆژەی سەربەخۆییی كوردستان بخەنە بەردەستی بەغدا و لایەنە پێوەندیدارەكان؛ چ لەسەر ئاستی جیهان و چ لەسەر ئاستی ناوچەییدا و پێیان بڵێن، ئیتر گەلی كوردستان ناتوانێت درێژە بە ‌ژیان لە چوارچێوەی عێراقدا بدات.''

وا بڕیارە، سنه‌ینێ چوارشه‌ممه‌، شاندێكی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، سەردانی بەغدا بكه‌ن، له‌وێ و له‌گه‌ڵ بڕیاربه‌ده‌ستان دەربارەی گشتپرسی و هەڵكردنی ئاڵاكی كوردستان لە كەركووك، لەگەڵ حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان كۆ ببنەوە.
kdp-
Top