نووسەرێکی رووسی: دەوڵەتی کوردستان دروست دەبێت

 نووسەرێکی رووسی: دەوڵەتی کوردستان دروست دەبێت
نووسەرێکی رووسی رایدەگەیەنێت، کە ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان داوە و ئەو دەوڵەتە دروست دەبێت.

دێمیتری نێرسیسۆڤ، نووسەری رووسی لە ماڵپەڕی (پراڤدا) وتارێکی نووسیوە و تێیدا رایدەگەیەنێت، ئەمریکا و ئیسرائیل پێویستیان بە کوردستانێکی سەربەخۆیە، کە لە باشووری کوردستان دروست دەبێت.

دێمیتری نێرسیسۆڤ پێیوایە کوردستانی سەربەخۆ و خاوەن سوپایەکی شەڕکەر و بەهێز، تەرازووی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.

هەروەک ئەو نووسەرە رایگەیاندووە، ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرەتایی رەزامەندیی لەسەر مافی سەربەخۆیی کوردستان نیشان داوە و بە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیش، ”کۆمەڵێک کێشە“ی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەبن.

دێمیتری نێرسیسۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، یەکسەر ئەو دەوڵەتە نوێیە دەبێتە هاوپەیمانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا.

رۆژی سێشەممە 4.4.2017 محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان بە (شەرقولئەوسەت(ی راگەیاندبوو، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا پشتیوانیی خۆیان بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە و بە شاندی کوردستانیان راگەیاندووە، ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک گەلی کورد بە تەنیا بەجێ ناهێڵێت.







باسنیوز

Top