پسپۆڕێکی پێوەندیی نێودەوڵەتی: باشترین دەرفەت بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئێستایە

پسپۆڕێکی پێوەندیی نێودەوڵەتی: باشترین دەرفەت بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئێستایە
پسپۆڕێکی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، گۆڕانگاریی گەورە لە ئارادان و دەبێ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بەکەڵکوەرگرتن لێی، لە سازدانی ڕیفراندۆم و بەرەو سەربەخۆیی خێراتر هەنگاو بنێ.


هێشتا داعش بەیەکجاری تێک‌نەشکاوە و لە بەشێکی مووسڵی عێراق و ڕەققەی سووریادا هەرماوە، بەڵام دەرکەوتەکانی یەک بەدوای یەکدا ڕەنگدانەوەیان بەسەر پێوەندیی و سیاسەتی نێوان ململانێکاران لە ناوچەکەدا هەیە و، لە دیارترینیشیان بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقە بەرانبەر بە ئاڵای کوردستان لە کەرکووک.
(د. نەوزاد هێتوتی) کە پسپۆڕە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "ئەم هەرایەی لایەنە عەرەبەکان لە پەرلەمانی عێراق دژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دروستیان کرد، دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی کورد بزانێت، کوردستان لەگەڵ عێراقی دوای داعش هەر بە هەمان شێوەی پێش ٢٠٠٣ دەبێ."

دوێنێ یەکشەممە و ڕۆژێک دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بە داگرتنی ئالای کوردستان لە سنووری پاریزگای کەرکووک، پارتی یەکێتی، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کۆ بوونەوە و، لە ڕاگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەشیاندا ئەوە ڕوون بووەوە کە، هەردوولا بڕوایان وایە كە حكوومەتی عێراق چەندین ساڵە خۆی دەدزێتەوە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق بۆیە چۆن حكوومەتی عێراق مافی هەیە ئاڵای لە كەركووك هەبێت بە هەمانشێوەیش كوردستانیش مافی هەڵكردنی ئاڵای هەیە چونكە لە دەستوور بە ڕوونی ئاماژە بە كەركووك و چەند شوێنی دیكە كراوە كە ناوچەی كێشە لەسەرن، كەواتە بۆ كوردستانیش هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك یاسایی و دەستوورییە.

(نەوزاد هێتوتی)ـیش جەخت لە پیویستیی سازدانی ڕیفراندۆم دەکاتەوە و دەڵی، "بەهەر شێوەیەک بێت دەبێت ریفراندۆم بکەین بۆ ئەوەی بزانینن چارەنووسمان چی بەسەر دێت.''

(هێتوتی) کە دکتۆراکەی لەبارەی سیاسەتی دەرەوی ئەمریکا بەرانبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کوردە باوەڕی وایە، ئێستا باشترین دەرفەتە و باردۆخ گونجاوە بۆ ئەوەی کوردستان سەربەخۆییی خۆی رابگەیێنێ و دەڵێ، "عێراق وەک هەڕەشە لەسەر کوردستان نابینم، کێشەی مەزهەبی و ململانێی نێوان ڕەوتەکانیش لەولاوە، هەرچۆن بێ عێراق ئێستا وڵاتێکی لاوازە، تورکیایش بەرانبەر کێشەی کورد نەرمی هەیە و وەک جاران نەماوە، ئیرانیش کێشەی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا هەیە.''

ئەو باوەڕە هەیە کە ریفراندۆم ئەگەر ئاستەنگی بۆ دروست نەکرێ، یەکێک لە هەرە کارە مەدەنی و یاساییەکانی چوون بەرەو سەربەخۆییە و ئەم پسپۆرەی پێوەندییە نێودەوڵتییەکان لەمبارەوە دەڵێ: "ئێستا کوردستان پێویستی بە ستراتیژیەکی کاریگەر هەیە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لەوێ دیفاکتۆیەک دروست بووە، ئینجا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش ئەمریکا دژایەتیی ئێمە ناکات هەر شتێک بکەین بۆ سەربەخۆیی، یەکیەتیی ئەورووپایش دژی سەربەخۆیی کوردستان نین، بۆیە پێویستە کورد بە سازدانی ریفراندۆم هەنگاوی بەرەو سەربەخۆیی بنێت."

پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەی دوێنێیاندا ەجختیاین کردووەتەوە کە، مافی گەلی كوردستانە شێوازی چۆنیەتیی ژیانی سیاسی و ئیداریی خۆی دیاری بكات لە ڕیفراندۆم و قەوارەی دەوڵەتێكی سەربەخۆییدا. هەردوولایش بەیەكەوە بڕیاریان دا ئەم بابەتە وەكوو بابەتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێكەوە و وەك یەك بۆچوون كاری جیددیی بۆ بكرێت.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم پەیامە و گوتاری سیاسیی نەتەوەییی (سەرۆک بارزانی)، (هێتوتی) گوتی "ئەو ستراتیژە نەتەوەییەی ئێستا پەیرەوی لێ دەکرێت و بەردەوام جەخت لەسەر ریفراندۆم دەکرێتەوە، کە کوردستان ناتوانێت لە چوارچێوەی عێراقی یەکگرتوودا بێت مادام دەستوور پێشێل کراوە، هەروەها جەختکردنەوە لە گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێم، بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستی بەوەیە سەرکردایەتیی سیاسی بەپەلەتر هەنگاو بنێ و لایەن سیاسییەکان یەکڕیز و یەکگرتوو بن بۆ بەکردەنیکردنی ئەم هەنگاوانەی بەرەو سەربەخۆیی.''
kdp-
Top