فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان بە مەرج بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەکەن

 	 فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان بە مەرج بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەکەن
هەرپێنج فڕاکسیۆنە کوردستانییەکە لە پەرلەمانی عێراق، بە دوو مەرج لەگەڵ سەرۆکی پەرلەماندا رێککەوتوون تا بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممەدا بکەن.

دوێنێ بەھۆی بایکۆتی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانەوە نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تەواو نەبوو، پاش ئەوە (د. سەلیم جبووری) سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی کردوو داوای گەڕانەوەی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی کرد بۆ تەواوبوونی نیسابی یاساییی پەرلەمان، لەوبارەوە (نەدا مێرگەسۆری) بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئێمە ھەر پێنج فڕاکسیۆنی کوردستانی رەتمان کردەوە بەو شێوەیە بگەڕێینەوە نێو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، تا ئەوکاتەی بڕیاری داگرتنی ئاڵای کوردستان ھەڵنەوەشێتەوە ئامادە نین بەشداریی ھیچ کۆبوونەوەیەک بکەین."

بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی ئاماژەیشی دا کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر دوو خال گەیشتنە رێککەوتن و وەک (نەدا مێرگەسۆری) گوتی "فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممەی پەرلەمان دەکەن، لەبەرانبەردا (سەلیم جبووری) داوای لێبوردن دەکات لەوەی بڕیاری رۆژی شەممە پەلەی تێدا کراوە، خاڵی دووەم، پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ ئەوە لە ماوەی ھەفتەیەکدا پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت و بگەنە ئەنجامێکی ھاوبەش."

(نەدا مێرگەسۆری) گوتیشی "ئەگەر بێتو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی رانەسپێرێت بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە بڕیاری رۆژی شەممەی رابردوو لەبارەی ئاڵای کوردستانەوە، ئەوا کورد کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بەجێ دێڵێ و بەھیچ شێوەیەک تەنازول لەو مافەی گەلی کوردستان ناکات، چونکە ئێمە بەو مەرجە رێککەوتووین لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق."
kdp-
Top