وه‌زاره‌تی بازرگانی سه‌رقاڵی گواستنه‌وه‌ی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانه‌ بۆ هه‌رێم

وه‌زاره‌تی بازرگانی سه‌رقاڵی گواستنه‌وه‌ی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانه‌ بۆ هه‌رێم
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە وەکالەت له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس نێردراوه‌، تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات، لە هەفتەی رابردوو حکومەتی فیدڕاڵ فەرمانی خەرجکردنی بڕی نزیکەی ٢٢٤ ملیار دینار دەرکردووە، وتیشی، لە ئێستادا وەزارەتی دارایی هەرێم سەرقاڵی گواستنەوەی ئەم بڕە پارەیە، ئاگاداری جوتیارانی هەرێمی كرده‌وه‌ بە گەیشتنی سیولەی نەقدی لە بەغداوە بۆ هەرێم چەکەکان ئامادە دەکرێن.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا عه‌لی سندی وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی به‌وه‌كاله‌ت رایگه‌یاند، هەروەکو لای هەمووان روونە جوتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە بەرهەمی گەنمیان رادەستی سایلۆکانی هەرێم دەکەن و لە بەرامبەردا حکومەتی بەغدا لە چوارچێوەی بودجەی حاکیمە پارە بۆ جوتیاران تەرخان دەکات. وتیشی، کۆی ئەو گەنمەی لە وەرزی بە بازاڕکردنی ٢٠١٦ لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە بریتیە لە ٨٨٦ هەزار تەن کە کۆی پارەکە نزیکەی ٥٩٦ ملیار دینار دەبێت.

سندی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لە هەفتەی رابردوو حکومەتی فیدڕاڵ فەرمانی خەرجکردنی بڕی نزیکەی ٢٢٤ ملیار دینار کە دەکات 37,5 ٪ ی کۆی شایستەی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٦ دەرکردووە. لە ئێستادا وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم سەرقاڵی گواستنەوەی ئەم بڕە پارەیە بۆ هەرێم. ئاگاداری جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە بە گەیشتنی سیولەی نەقدی لە بەغداوە بۆ هەرێم چەکەکان ئامادە دەکرێن.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو، هەر لێرەوە داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین کە لە داهاتوودا بڕی ماوەی شایستەی جوتیارانی هەرێم کە بریتیە لە ٦٨٤ ملیار دینار (٣٧٢ ملیار دینار هی ٢٠١٦، ٢٤٣ ملیار دینار هی ٢٠١٥ و ٦٩ ملیار دینار هی ٢٠١٤) خەرج بکات بە تایبەتی ئێمە لەسەروبەندی نزیکبوونەوەی وەزری نوێی بە بازاڕکردنین بۆ ساڵی ٢٠١٧.


pyamner -
Top