ئێران.. هەڵکردنی هەر ئاڵایەک بێجگەلە ئاڵای عێراق لە کەرکووک دژی دەستوورە

 ئێران.. هەڵکردنی هەر ئاڵایەک بێجگەلە ئاڵای عێراق لە کەرکووک دژی دەستوورە
گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئیران، لە لێدوانێکدا هەڵوێستی ئەو وڵاتەی لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکووک دەربڕیوە و دەڵێت "هەڵکردنی هەر ئاڵایەک جیا لە ئاڵای عێراق لە کەرکووک، دژی دەستووری ئەو وڵاتەیە و بە کێشەخولقێنی دەزانین".

ماڵپەڕی (ئیرنا) زمانحاڵی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەزاری (بەهرام قاسمی) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاوی کردووەتەوە: "هەڵوێستی فەرمیی ئێران لەبارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق، پێداگرییە لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و پابەندیی هەموو لایەنەکانە بە یاسای بنەڕەتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتەیە لەڕێگەی وتووێژ و ڕێکارە یاساییەکانە".

قاسمی لە درێژەدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە "هەڵکردنی هەر ئالایەکی دیکە بێجگەلە ئاڵای عێراق لە کەرکووک کە بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی دایە، هەوڵێکی پێچەوانەی دەستوورە و بە کێشەخولقێنی دەزانین.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران لە درێژەدا دەڵێت "دژایەتیکردنی تیرۆریزم و پاککردنەوەی ناوچەکانی عێراق لە تیرۆریستانی داعش، گرنگترین پرسی خەڵک و حکوومەتی عێراقە کە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پشتیوانیی لێ کردووە و درێژە بە پاڵپشتییەکانی خۆشی دەدات."

لە کۆتاییدا قاسمی ئاماژەی بەوەش کردووە "هەوڵی ئەمدوایانەی هەندێ لە لایەنە عێراقییەکان لە کەرکووک، لەو ڕەهەندەوەیە بەشێک لە وزە و توانایی حكوومەت و خەڵکی عێراق لەڕاستەڕێی خەبات لەدژی تیرۆریزم بەلاڕێدا بەرن و لەڕاستای پرسە سیاسییە ناوخۆییەکاندا سەرفی بکەن، جێگەی نیگەرانییە."

ئەم هەڵوێستەی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە کاتێک دایە کە سێشەممە 2017 -3 -28 بە بڕیاری پارێزگای کەرکووک و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری بە فەرمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی ئەو پارێزگایە پەسەند کرا.

لە بەرانبەریشدا پەرلەمانی عێراقیش لە دانیشتنێکدا ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی ڕەت کردەوە و ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هۆلەی پەرلەمانیان بەجێ هێشت و ناڕەزاییان دەربڕی و هاوشانی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی کوردستان سوور و پێداگرن لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک و بە مافی ڕەوای کوردی دەزانن و پێیان وایە ئەوە کورد و پێشمەرگەیە لە ساڵی 2003ەوە پارێزگای کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەپارێزێت.






باسنيوز
Top