ڕۆژ نووری شاوەیس: یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو کۆکن پێکەوە ھەوڵ بۆ ڕیفراندۆم بدەن

 ڕۆژ نووری شاوەیس: یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو کۆکن پێکەوە ھەوڵ بۆ ڕیفراندۆم بدەن
کۆبوونەوە ھاوبەشەکەی نێوان پارتی دیموکراتیی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆتایی ھات و ئەوە ڕاگەیاندرا کە ھەرسێ لایەن کۆکن لەوەی بەیەکەوە ھەوڵ بۆ ڕیفراندۆم و پێویستییەکانی بدەن.



لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا کە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە ئەنجام درا، د. ڕۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕای گەیاند: ”کۆبوونەوەیەکی بە سوودمان ئەنجام دا، جەختمان لەوە کردەوە کە ڕیفراندۆم بابەتێکی گرنگە و یەکێکە لە ئەولەویاتی ئەو بارودۆخەی کە میللەتەکەمانی پێدا تێپەڕ دەبێت ئەگەر چاو بە بەیاننامەکەی یەکگرتوودا بخشێنینەوە، لەگەڵ پەیامی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی، دەبینین کە ھەرسێ لا لە بۆچوونیان نزیکن کە ڕیفراندۆم و ئەنجامدانی و زرووفی ناوچەکەش“. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ھەرسێ لا لەوە کۆکن کە پێکەوە ھەوڵ بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی ڕیفراندۆمێکی سەرکەوتوو لە کوردستان بدەن“.



باسیشی لەوە کرد کە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆدەبنەوە و بە پێویستی زانی، ھەموو پارتەکانی کوردستان ڕۆڵی خۆیان لە ڕیفراندۆمدا ببینن و بەشداربن تێیدا، بۆیە بەو ئاراستەیە کار دەکەن. گوتیشی: ”ئیدی دەمێنێتەوە سەر حزبەکان کە ئایا بۆچوونیان لەمبارەیەوە چۆنە“.



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا د. ڕۆژ ڕای گەیاند: ”لەم ڕۆژانەدا کە سەردانی لایەنەکانی کوردستان دەکەین، تەرکیزمان لەسەر ڕیفراندۆم و پێویستییەکانیەتی، ھەموو کارەکان بۆ ئەوەیە، وەک دەزانین بەغدا بەرامبەر بە کورد شێوازێکی تازەی وەرگرتووە، لە ڕاستیدا شێوازێکی مەترسیداری وەرگرتووە، بۆیە پێشنیاز کراوە جارێ شاندێکی پارتی و یەکێتی سەردانی بەغدا بکەن. لەو سەردانەدا پەیوەندی بە ھاوپەیمانیی نیشتمانییەوە بکات و بە ڕاشکاوانە لە بارەی ڕەوشەکە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات. بەم نزیکانە سەردانەکە دەکات. باسکردنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ بەغدا ھێشتا لەناو حزبەکانی خۆماندا دەبێت باس بکرێت“.



ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە حزبەکەی بەدواداچوونی وردی بۆ بابەتی ریفراندۆم لەو وڵاتانەی ئێستا سەربەخۆن، کردووە و رایگەیاند، ”ڕاپرسی کارێکی تەنفیزییە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بە بڕیارێکی تەنفیزی ئەنجامی بدات، کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی کوردستانیش ئەنجامی بدات“.



رۆژ نوری شاوێس بە شانازییەوە باسی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند، ”ھیوادارین لە بەغدا ھەروا بێت. کورد نەیگوتووە کە بە توندوتیژی کێشەکان چارەسەر دەکەین، بەڵکوو بە دیالۆگ چارەسەری دەکەن“.



هەروەها هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، عەلی: لە کۆبوونەوەکەدا ”بە راشکاوانە“ ئاماژەیان بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان کرد.



هادی عەلی جەختی لە هەڵوێستی حزبەکەی لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکان گرنگە و پێویستیشە ”پێکەوە کاری جددی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە قەیرانی سیاسی بکەین“.





باسنیوز
Top