400 كەس بۆ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێن
ئەمڕۆ دووشەممە 3/4/2017، شیروان زرار، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ڕاگەیاند: لە ئایندەیەكی نزیكدا بۆ دامەزراندن لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ناوی 400 كەس بڵاو دەكرێتەوە و 135 كەسی تریش لە وەزارەتەكانی ترەوە ڕاژەكانیان دەگوازنەوە بۆ سەر كۆمیسیۆن و دەبنە كارمەند و دواتر بە شێوەیەكی دسپلینی دابەشی سەر بەڕێوەبەرایەتییەكان دەكرێن، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان".
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد "ئێستا كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان ئامادەكارییەكانی دەست پێ كردووە بۆ ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێم، كە بڕیارە لە 6/11/2017 بەڕێوە بچێت و حكوومەتیش بوودجەی پێویستی بۆ ئەو پرۆسەیە تەرخان كردووە".
شیروان زرار، ئاشكراشی كرد "ئەگەر لەلایەن حكوومەتەوە یا خود لایەنە سیاسییەكانەوە داوامان لێ بكەن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی، ئەوكاتە ئەنجومەنی كۆمیسیاران كۆ دەبێتەوە و بڕیار دەدات كە چە وادەیەك دەستنیشان بكرێت بۆ ئەو پرۆسەیە".
باسنیوز
