ئافرەتێکی ئێرانی لە ھەولێر کوژرا
ئەمڕۆ یەکشەممە 2/4/2017، پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا بڵاو کردووەتەوە، وەک لە ڕاگەیاندراوەکەشدا ھاتووە: " شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٢:٣٠ خولەک، پۆلیس ئاگادار کرایەوە بە بوونی ڕووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی برایەتی، دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوت کەوا ئافرەتێک بە ناوی (فرناس) بە ڕەگەز ئێرانی, دوای تەواوبوونی کار، لەگەڵ دوو ھاوڕێی دەچێتە دەرەوە, دواتر دەبێتە دەمەقاڵێ لە نێوان ھاوڕێکانی بە ناوەکانی (س) و (س)، لە ئاکامدا گوللـەیەک لە نێوانیان دەردەچێت و بەر ئافرەتەکە دەکەوێت, و ئافرەتەکەش لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەست دا".
پۆلیسی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھێمای بۆ ئەوەش کردووە، کە دوای ڕووداوەکە، دوو ھاوڕێکەی کوژراوەکە لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایان کردووە، تەرمەکەش ھەڵگیراوەتەوە و ڕەوانەی پەیمانگەی پزیشکی داد کراوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە کرایەوە، دادوەریش بڕیاری دا، ھەردوو تۆمەتبار بە پێی ماددە (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی، بەند بکرێن".
باسنيوز
