فەرماندەی ھێزی ھاوپەیمانان دژی داعش: پێمانوانییه پەیەدە سیستەمی فیدراڵی لە باکووری سووریا دابمەزرێنێت

فەرماندەی ھێزی ھاوپەیمانان دژی داعش: پێمانوانییه پەیەدە سیستەمی فیدراڵی لە باکووری سووریا دابمەزرێنێت
فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەڕابەرایەتی ئەمریکا، جەنەراڵ "ستێفن تاونسێند" رایگەیاند، چاوەڕوانی ئەوە ناکەن پەیەدە قەوارەیەکی فیدراڵی لە باکووری سووریا دابمەزرێنێت.



جەنەراڵ ستێفن تاونسێند لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە سەبارەت بەزیانە گیانییەکانی خەڵکی سڤیل لە رۆژئاوای مووسڵ و سووریا بەھۆی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان و لەبارەی پەیەدە لە سووریا.



ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە سەبارەت بە قسەکانی سەرکردەی پەیەدە ساڵح موسلیم کە گوتبووی، چاوەڕوانن دوای ئەوەی لە داعش پاککرایەوە، شاری رەققە بچێتە ریزی کانتۆنەکانی پەیەدە لە باکووری سووریا رایگەیاند، کوردەکان رێژەی سەدا ١٠ی دانیشتوانی باکووری سووریا پێکدەھێنن و ناتوانن بەو رێژە کەمەوە قەوارەیەکی فیدراڵی پێکبھێنن.



جەنەراڵ ستێفن تاونسێند لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بەرنامەی من دامەزراندنی قەوارەیەکی فیدراڵیی کوردی نییە. رەققە بۆ ھیچ گرووپێک رزگارناکەین. بۆچوونی ئێمە لەبارەی ھێزەکانی سووریای دیموکراتەوە ئەوەیە، ھەرچەندە لەلایەن کوردەکانەوە رابەرایەتی دەکرێت، بەڵام زیاتر لە نیوەی ھێزەکان کورد نین. عەرەبەکان، گرووپەکانی دیکە و تورکمانەکانی تێدایە. لەڕاستیدا رێژەی کورد لە باکووری سووریا لە دەورووبەری سەدا ١٠یە. پێموانییە کورد بتوانێت لەوێ قەوارەیەکی فیدراڵی دابمەزرێنێت".



ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد ئەگەر ئەندامانی پەیەدە/پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی رەققەدا بەشداری بکەن، دوای ئۆپەراسیۆنەکە دەکشێنەوە و گوتی: "ناتوانن پێشھاتەکانی باکووری سووریا بە بەکارھێنانی ھێز بگۆڕن".



فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەڕابەرایەتی ئەمریکا، جەنەراڵ ستێفن تاونسێند راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی زیانە گیانییەکانی خەڵکی سڤیل لە رۆژئاوای مووسڵ و سووریا بەھۆی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانانەوە بەردەوامە و گوتی: "ئەوەی لێی دڵنیاین ئەوەیە کە لە مووسڵ ھێرشمان ئەنجامداوە، بەڵام دڵنیانین کام ھێرشانە زیانی گیانیی لە ریزەکانی خەڵکی سڤیلی لێکەوتووەتەوە".

payamner -
Top