"بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەربارەی زمانی کوردی ڕاگیرا"

دوای گوشارێکی زۆری شارەزایان و دەزگا پێوەندیدارەکان، سەرەنجام وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا، بڕیارێکی خۆی دەربارەی ھەژمارنەکردنی نمرەی زمانی کوردی لە پۆلی شەشەمی ئامادەییدا ڕابگرێت.

(شەماڵ ئەبووبەکر)، ئەندامی دەستەی قەڵغانی زمانی دایک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەربارەی ھەژمارنەکردنی نمرەی زمانی کوردی بۆ پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەرکرد، لەلایەن شارەزایان و خەمخۆرانی زمانی کوردییەوە کاردانەوەی لێ کەوتەوە و چەندین خۆپێشاندان و چالاکی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بەڕێوەچوون و، سەرەنجام لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڕیارەکە ڕاگیرا.''

(شەماڵ ئەبووبەکر) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پێوەندیدارەکانیش لەو بڕیارە دڵگران بوون و ھەموو لایەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە پێوەندییان بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە کرد. دیارە وەزارەتیش بڕیارەکەی ڕاگرتووە و پێشبینی دەکەین ھەڵبوەشێتەوە، بەڵام ھێشتا بەفەرمی لەلایەن وەزارەتەوە و لەسەر زاری وەزارەت ڕانەگەیەندراوە، لەبەرئەوەی بڕیاری ڕاگرتنەکەی ئێستا دەرچووە و ڕۆژانی دابێ وەزارەت بە فەرمیی ڕایدەگەیەنێت.''
kdp-
Top