یەکێتی لە نەخشەڕێگەکەیدا خۆی لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بێئاگا کردووە

 یەکێتی لە نەخشەڕێگەکەیدا خۆی لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بێئاگا کردووە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە نەخشەڕێگەکەیدا، داوای ئەوەی کردووە کە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لە نێوان پارتی، یەکێتی و گۆڕاندا دابەش بکرێت، لە کاتێکدا خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بێدەنگ کردووە کە بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ پارتی بە یەکێتی دراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 27/3/2017، د.مەدحەد سلێمان، چاودێری سیاسی، لە بارەی نەخشەرێگاکەی یەکێتی، ڕایگەیاند: ”پارتی دیموکراتیی کوردستان لەبەر سێ هۆکار، نەخشەڕێگاکەی یەکێتی ڕەت دەکاتەوە، یەکەم پارتی ناچێتە ژێر باری فشاری هیچ حزبێکی کوردستان، بۆیە یەکێتی وەک حزب بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت، مەرج نییە هیچ حزبێکیش بەگوێی نەخشەڕێگاکە بکات”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە بەغدا، بەپێی ڕێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان یەکێتی و پارتی، یەکێتی چەندان پۆستی پێ دراوە کە دیارترینیان پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە، بۆیە “ئەگەری هەیە سەرجەم ئەو پۆستانەی لە بەغدا بە یەکێتی دراوە، پێداچوونەوەی پێدا بکرێت”. گوتیشی: “هۆکاری سێیەم ئەوەیە کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، خەڵک دەنگی لەسەر دەدات نەک حزب، کەواتە یاسای سەرۆکایەتی یان دانانی سەرۆک پەیوەندی بەهیچ حزبێکەوە نییە، پەیوەندی بە خەڵکی کوردستانەوە هەیە، دواتر ڕێژەی دەنگ و کورسی دیاری دەکات کە کێ حکوومەت بەڕێوە دەبات”.

بە بڕوای د. مەدحەت، نەخشەڕێگاکەی یەکێتی “لەژێر هەژموونی سیاسەتی ئیقلیمیدا نووسراوە و هەوڵدەدەن کە گرفت بۆ پارتی دروست بکەن، تاوەکوو هیلالی شیعی دروست بکرێت”. دووپاتیشی کردەوە: “یەکێتی بەهۆی ئەو نەخشەڕێگایەوە، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەدەست دەدات، نەخشەڕێگاکەش دەکرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت”. ڕوونیشی کردەوە کە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ یەکێتی بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان یەکێتی و پارتی بەو حزبە دراوە.
پێشتر عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕایگەیاندبوو کە بابەتی نەخشەڕێگاکەی یەکێتی لەلایەن مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە تاوتوێ دەکرێت، بەڵام پارتی جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و هیچ سەرۆکایەتییەکی هەرێمی کوردستان بە بزووتنەوەی گۆڕان ناداتەوە، چونکە “ئەزموونێکی تاڵیان نیشان داین”.

بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی کار بۆ ئەوە دەکات کە بزووتنەوەی گۆڕان ڕازی بکات و لە خۆی نەتۆرێنێت، هەر بۆیە داوا دەکات کە بابەتی سەرۆکایەتییەکان وەک یەک پاکێج مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بۆیە لە چوارچێوەی داواکارییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، نەخشەڕێگاکەی نووسراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر (باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کرد کە نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان داوای لە کوڕەکانی و خانەوادەکەی کردووە، کاری داهاتوویان بەهێزکردنی یەکێتی بێت، بۆیە یەکێتیش لە بڕیارەکانیدا ئەو داواکارییەی نەوشیروان مستەفا لەبەرچاو دەگرێت.





باسنیوز
Top