پەڕلەمانتارێکی پارتی: یەکێتی بووە بە بەشێک لە ململانێی نێو ماڵی شیعەکان
ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: یەکێتی تا ئێستا پاڵپشتی باڵی مالیکی دەکات لە ململانێکانی نێو ماڵی شیعەدا، ھەم بەنھێنی و ھەم بە ئاشکرا لەگەڵ بیرۆکەکانی مالیکیدان، ھەروەھا بوون بە بەشێک لە ململانێی ناو ماڵی شیعەکان، ئەو بیرۆکەیەش کە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ مالیکی لە دوای ھەڵبژاردن هەیانبوو، ھەر ماوە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە یەکێتی تا ئێستا پاشکەز نەبووەتەوە لەو بیرۆکانەی کە دایانناوە، چونکە بەنیازن لە داھاتوودا لەگەڵ نوری مالیکیدا ڕێککەوتنێک ئەنجام بدەن. گوتیشی: ”لە چەند شوێنێکدا یەکێتی باسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم دەکات، بەڵام ئەو کارانە بۆ ڕازیکردنی شەقامە، ئەوەش بەشێکە لەو ململانێیانەی لە ناو ماڵی شیعەکاندا ھەیە، ھەر بۆیە بۆیە تا ئێستاش لەگەڵ باڵی دەوڵەتی یاسادان، ھەم بەنھێنی و ھەم بە ئاشکراش، پشتگیری دەوڵەتی یاسا و بیرۆکەکانی مالیکی دەکەن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕەخنەی لە چوونی نوێنەری بارزانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرت، دواتریش چاودێران قسەکانی تاڵەبانییان وا لێکدایەوە کە پەیوەندی بە ململانێی نێوماڵی شیعەکانەوە هەیە و بەهۆی ناکۆکییەکانی مالیکی و عەبادییەوە ئاڵا تاڵەبانی دژی سەردانەکەی نوێنەری بارزانییە لەگەڵ عەبادی.
باسنیوز
