مەلاکەی حاجیاوە لە لایەن لاهور تاڵەبانیەوە رفێندراوە

 مەلاکەی حاجیاوە لە لایەن لاهور تاڵەبانیەوە رفێندراوە
بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی مەلا سدیق عومەر مستەفا، ناوبراو لە لایەن ژمارەیەک چەکداری سەر بە لاهوور تاڵەبانیەوە رفێندراوە و بەرەو سلێمانی بردراوە و ئێستا چارەنووسی نادیارە.

بە پێی ئەم سەرچاوەیە ماوەیەکی زۆرە ئەم مەلایە لە پەیوەندیی بە کردەوە تیرۆریستیەکەی رێکەوتی ١٧/٤/٢٠١٥ ی بەردەم کۆنسولخانەی ئەمەریکا لە شارۆچکەی عەنکاوە، لە دادگای تاوانەکانی هەولێر داواکراوە و چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادگاکانی هەولێر داوا لە دەسەلاتی ئیدارەی سلێمانی کراوە کە ئەم کەسە رادەستی دادگا لە هەولێر بکرێتەوە، چونکە کەیسی تاوانە تیرۆریستییەکە لە هەولێرە، بەڵام ئەم داوایەی دادگای هەولێر تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و ناوبراو تا پێش کاتی ڕفاندی بە شیوەیەکی ئازادانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی هاتووچۆی کردووە، بە پێی زانیارییەکان مەلا سدیق پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٣ بە مادەی تیرۆر داواکراو بووە و لەو کاتەوە بەرەو سنووری پارێزگای سلێمانی ڕای کردووە و لە ناو خەلک بەوە ناسراو بوو کە لە دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی نزیکە. بە وتەی سەرچاوەکە، خانەوادەی ناوبراو داوای دیداری لاهور تاڵەبانیان کردووە بۆ زانینی چارەنووسی، چونکە پێشتریش ئەم کەسە لە لاهوور نزیک بووە بە پێی وتەی خانەوادەی ناوبراو مەلا سدیق چەندین جار سەردانی لاهووری کردووە.

مەلا سدیق عومەر مستەفا لە شەوی ١٩ لە سەر ٢٠ی ئەم مانگە لە مزگەوتی شێنییانی ناحیەی حاجیاوە لە لایەن ژمارەیەک چەکدارەوە کە دواتر دەرکەوتووە سەر بە لاهوور تاڵەبانی بوونە رفێندرا و تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییەوە لە سەر ئەم ڕووداوە نەدراوە.
Top