ئەنەكەسە هەڕەشەی كشانەوە لە دانوستاندنەكانی جنێڤ دەكات
لە كاتێكدا لایەنە ناكۆكەكانی سووریا سەرقاڵی دانوستاندنن لە جنێڤ و قسە لەبارەی ئایندەی سووریا دەكەن، ئەمینداری گشتی ئەنەكەسە لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان سەرقاڵی گفتوگۆیە بۆ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر دانوستاندنەكانی جنێڤ.
كورد بە دوو نوێنەر (عەبدولحەكیم بەشار و فوئاد عەلیكۆ) بەشداری دانوستاندنەكانی جنێڤە و ئەو دوو كوردە لە دەستەی باڵای دانوستاندنەكانی ئۆپۆزیسیۆنن لەگەڵ رژێمی سووریا. ئێستا لە نێو ئەنەكەسە دەنگێك پەیدا بووە كە داوای گۆڕینی ئەو دوو نوێنەرەی كورد دەكات، چونكە دەڵێن خەریكە ئۆپۆزیسیۆن بەڕە لەژێر پێی كورد دەردێنێ و كورد بەدەستی بەتاڵ لە جنێڤ دەگەڕێتەوە.
سیامەند حاجۆ، ئەندامی كۆمیتەی دەرەوەی ئەنەكەسە كە پێداگیری لەسەر گۆڕینی ئەو دوو نوێنەرەی كورد دەكات لە دانیشتنەكانی جنێڤ، بە (رووداو)ی گوت "تا ئێستا هەردوو كەسایەتی كورد عەبدولحەكیم بەشار و فوئاد عەلیكۆ لە شاندی ئۆپۆزسیۆن شكستیان هێناوە، لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە گوشار بخەنە سەر ئۆپۆزیسیۆنی سوریا كە لە بەڵگەنامەی دەستەی باڵای دانوستاندنەكان جێی دۆزی كورد بكەنەوە".
سیامەند حاجۆ ئاشكرای كرد لەو بارەیەوە نامەیەكی ئاراستەی ئۆفیسی ستافان دیمستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دانوستاندنەكانی جنێڤ كردووە و دیمستۆرای بەوە تۆمەتبار كردووە كە بە ئەنقەست دۆزی كورد وەكو دووەم نەتەوە لە سووریا پشتگوێ دەخات "بەڵام ئۆفیسەكەی دیمستۆرا پێیگوتم نوێنەرانی كورد لە دانیشتنە فەرمییەكاندا هیچ داواكارییەكیان نییە و بێدەنگن، بۆیە ئەوان تەنیا پێشنیازەكانی هەردوو شاندی حكومەت و ئۆپۆزسیۆن وەردەگرن، ئەگەر نوێنەری كوردیش پێشنیازی نەبێ، ئەوان لێی بەرپرس نین".
بەڵام عەبدولحەكیم بەشار، نوێنەری كورد لە شاندی باڵای ئۆپۆزیسیۆن بۆ دانوستاندن لەگەڵ رژێمی سووریا رەتیكردەوە كە ئەوان بێدەنگ بووبن و دەڵێت كۆمیتەیەك بۆ هەمواركردنی هەندێك لە بەڵگەنامەی ئۆپۆزیسیۆن لە دانوستاندنەكانی جنێڤ پێكهێنراوە.
عەبدولحەكیم بەشار كە ئێستا لە جنێڤە بە (رووداو)ی گوت "تاوەكو ئێستا لەگەڵ شاندی حكومەتی سووریا لەسەر ئەجێندای كۆبوونەوەكان رێكنەكەوتووین، ئەگەر لەسەر قۆناغی گواستنەوە گفتۆگۆ كرا، دۆزی كوردیش دەبێتە بەشێك لە گفتوگۆكان".
بەشار هەروەها رەتیكردەوە كە لە بەڵگەنامەكەی ئۆپۆزیسیۆن باسی كورد نەكرابێ و گوتی "لە بەڵگەنامەكەدا بە ئاشكرا باس لەوە كراوە كە سووریا وڵاتی كورد و عەرەب و توركمان و نەتەوەكانی دیكەیە. دەبێ مافی گەلی كورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا جێی بكرێتەوە و سیاسەتی نەژادپەرستی دژی كورد نەمێنێ".
حەكیم بەشار پێیوایە ئەوانەی قسە لەسەر نوێنەرانی كورد لە دانوستاندنەكانی جنێڤ دەكەن، دەیانەوێ پەیوەندی ئەنەكەسە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا تێكبدەن و كورد بگەڕێتەوە باوەشی پەیەدە و رژێمی سووریا.
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، دەستەی هەماهەنگی سووریا كە پێشتر پەیەدەش تێیدا ئەندام بوو، بەڵام دوای بەشداربوونی دەستەكە لە دانوستانەكانی جنێڤدا ئەندامیەتی خۆی هەڵپەسارد، لە كۆبوونەوەكانی دەستەی باڵای دانوستاندنەكاندا بە توندی دژی داواكاریی ئەنەكەسە بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد لە رۆژئاوای كوردستان وەستاوە، بەهیچ شێوەیەك رازی نابن تەنانەت سیفەتی عەرەبی لەسەر كۆماری سووریا نەمێنێت و جەختیش لەسەر ناسنامەی عرووبەتی سووریا دەكەنەوە.
قبوڵنەكردنی داواكاریی ئەنەكەسە لەلایەن دەستەی باڵای دانوستاندنەكان لە جنێڤ، ناكۆكی لەنێو ئەمینداری گشتی ئەنەكەسە دروست كردووە. ئەندامێكی ئەمینداری گشتی ئەنەكەسە كە بەهۆی هەستیاریی بابەتەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەوان بوونەتە دوو بەش، بەشێك پێیوایە دەبێت هەڵوێستی خۆیان رابگەیێنن و لە جنێڤ بكشێنەوە، تا ئەو كاتەی دەستەی باڵای دانوستاندنەكان پابەندی داواكارییەكانی كورد دەبێ، بەڵام بەشێكی دیكە دەیەوێت بەبێدەنگی ئەم پرسە چارەسەر بكرێت و لەڕێی كۆمیتەیەك گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بكەن، بۆیە ئەگەر لە كۆتاییدا مەرجی ئەنەكەسە جێبەجێ نەكرێت، ئەوا ناچارن هەڵوێست وەربگرن".
ئێڤا ماغیا بێسلەر كە پسپۆڕێكی یاسای نێودەوڵەتییە و بەشداریی نووسینی رەشنووشی دەستووری ئەنەكەسەی بۆ رۆژئاوای كوردستان كردووە، لەبارەی بەڵگەنامەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە (رووداو)ی گوت "بەڵگەنامەكەی ئۆپۆزیسیۆن هیچ مافێكی بەرچاوی بۆ كورد تێدا نییە، تەنیا چەند مافێكی كولتووری و رۆشنبیری بە كورد دەدات، بۆیە دەبێ كورد پێداگیری لەسەر مافە نەتەوەییەكانی بكات و لە بەڵگەنامەكە جێی بكاتەوە. هەروەها زمانی كوردیش ببێتە زمانێكی فەرمی لە سووریا".
ئێڤا ماغیا بێسلەر، باس لە خاڵێكی دیكەش دەكات كە لە بەڵگەنامەكەدا هاتووە و دەڵێ "لە خاڵێكدا باس لە زۆرینە دەكرێ، بۆیە ئەوان دەتوانن لە سووریای داهاتوودا بە ئاسانی كورد پشتگوێ بخەن و پڕۆژەی یاسایی لە پارلەمان بە خواستی خۆیان تێپەڕێنن، لەبەرئەوەی رێژەی كورد تەنیا 15%یە، بۆیە دەبێت جەخت لەسەر تەوافوق لەبارەی پرسە نشتیمانییەكان بكرێتەوە".
كۆبوونەوەكانی جنێڤ پێنج، لە رۆژی 23/3/2017 لە جنێڤ دەستیان پێكردووە، بەڵام هێشتا لایەنی ئۆپۆزیسیۆن و حكومەتی سووریا لەسەر ئەجێندای كۆبوونەوەكە رێكنەكەوتوون.
حكومەتی سووریا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێ سەرەتا پرسی تیرۆر تاوتوێ بكرێت، دواتر لەسەر گواستنەوەی دەسەڵات قسە بكەن، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رازی نییە و دەڵێ پێویستە ئەجێندای سەرەكی كۆبوونەوەكە گواستنەوەی دەسەڵات بێ لە سووریا.
رووداو
