بارزانی و ئاڵای کوردستان و کەرکووک دەچنە نێو ڕۆژەڤی ڕیفراندۆمی تورکیا

 بارزانی و ئاڵای کوردستان و کەرکووک دەچنە نێو ڕۆژەڤی ڕیفراندۆمی تورکیا
نەتەوە پەرستانی تورکیا، پەیوەندیی ئەردۆگان و بارزانی، پرسی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بابەتی کەرکووک تێکەڵ بە ڕۆژەڤی ڕیفراندۆمی وڵاتەکەیان دەکەن.



نەتەوەپەرستانی تورکیا، لە چوارچێوەی کاردانەوەکان بەرامبەر بە دەنگدان بۆ دەستووری تازەی تورکیا، پەیوەندیی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک ڕەخنەیەک ئاماژە پێدەدەن و بەهۆکارێک بۆ دژایەتیکردنی خۆیان بۆ هەمواری دەستوور لە قەڵەمی دەدەن.



ئەوان هەمیشە باس لەوە دەکەن کە تورکیا لە کاتێکدا چاوی لەوە بووە کەرکووک و مووسڵ بچنەوە باوەشی تورکیا، کەچی ئێستا ”دیاربەکر - ئامەد“یشیان لەدەست داوە وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن.



هەر لە چوارچێوەی ڕۆژەڤی ڕیفراندۆم لەبارەی دەستوور لە تورکیا، بابەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ئەستەنبۆڵ و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ئاماژەی بۆ دەکرێت و بەهۆیەوە ڕەخنە لە ئەردۆگان دەگیرێت.



لەمبارەیەوە دوێنێ یەکشەممە 26/3/2017، مەرال ئاکشەنەر کە پێشتر پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی پارتی نەتەوەرستی تورکیا (مەهەپە) بووە و ئێستا لەو پارتە دەرکراوە، لە وتارێکیدا لە شاری (ئیزمیر)، دژایەتیی خۆی بۆ پەیوەندیی بەهێزی هەرێمی کوردستان و تورکیا دەربڕی باسی لە دۆخی کەرکووک کرد کە گوایە لەو شارەدا زمانی تورکی قەدەغە کراوە.



ئاکشەنەر پێی وایە کە بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان بەهێز تر بووە. بۆیە وتارەکەی ئاراستەی باخچەلی کرد و گوتی: ”ئەی تۆ نەتدەگوت یا من یا بارزانی؟ پێم خۆشە بزانم جەنابت چی دەڵێی؟ ئەوەتا کەرکووکمان لەدەست ڕۆشت، ئەی بڕیار نەبوو نوێژی جەژنت لە کەرکووک بکەیت؟ ئێستا بیر لەوە دەکەیتەوە کە لە شوێنی بارزانی لە کەرکووک نوێژ بکەی؟“.



لە سەرەتای دروستبوونی پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئەنقەرەوە تاوەکوو ئێستا، بەشێوەیەکی بەردەوام، نەتەوە پەرستانی تورکیا لە هەوڵی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکەن بۆ ئەو کاتانەی کە تورکیا وەک نەیارێکی ئاشکرا سەیری هەرێمی کوردستانی دەکرد، تەنانەت لە ڕاگەیاندراوەکەی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمووزی 2016ی تورکیا، یەکەمین خاڵ ڕەخنەگرتن بوو لە سیاسەتەکانی ئەردۆگان و ئیدارەکەی لە بەرامبەر پرسی کورد.



باسنیوز
Top