بنکەی لالش: پەکەکە دژی دابونەریتی کوردانی ئێزدییە
عەنتەر کلۆ، بەرپرسی بنکەی لالش لە کۆمەڵگەی خانکێ بە (باسنیوز)ی راگەیاند، جڤاتی رۆحانیی ئێزدییان و هەموو هاووڵاتییانی ئێزدی داوای کشانەوە لە پەکەکە دەکەن، چونکە بووەتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان.
عەنتەر کلۆ ئاماژەی بە رفاندنی منداڵ و کچانی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی سەر بە پەکەکەوە کرد و رایگەیاند، چەکدارکردنی منداڵ و کچ پێچەوانەی دابونەریتی کوردانی ئێزدییە، کە پەکەکە هیچ رێزێک بۆ دابونەریتی ئێزدییان دانانێت.
پێشتر جڤاتی رۆحانیی ئێزدییانی کوردستان و جیهان داوای لە پەکەکە کردبوو شاری شنگال و ناوچەکانی دیکە چۆڵ بکات و بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە.
دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال و دەوروبەری لەلایەن هێزی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2015، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە لە ناوچەکە جێگیر بوون و کێشە بۆ هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دروست دەکەن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
