ئۆپه‌راسیۆنی‌ توڕه‌یی‌ فورات؛ شه‌ڕڤانان دووگوندیان له‌ ته‌بقه‌ ڕزگاركرد

ئۆپه‌راسیۆنی‌ توڕه‌یی‌ فورات؛ شه‌ڕڤانان دووگوندیان له‌ ته‌بقه‌ ڕزگاركرد
پێشڕه‌وی شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات له‌ئۆپه‌راسیۆنی‌ توڕه‌یی فورات له‌ڕۆژئاوای ته‌بقه‌ به‌رده‌وامه‌و ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ هه‌ردوو گوندی عجل-ی‌ ڕۆژهه‌ڵات و عجل-ی‌ ڕۆژئاوایان له‌ده‌ستی‌ داعش ڕزگاركرد.
له‌شه‌وی ڕابردووه‌وه‌ شه‌ڕڤانان هێرشێكی گه‌وره‌یان كردووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ردوو گونده‌كه‌و دوای‌ شه‌ڕێكی‌ سه‌خت ئه‌مڕۆ هه‌ردوو گوندی عجل-ی‌ ڕۆژهه‌ڵات و عجل-ی‌ ڕۆژئاوایان له‌ ته‌بقه‌ ڕزگاركردووه‌.

له‌وشه‌ڕه‌دا شه‌ڕڤانان سێ ئۆتۆمبێلی داعش-یان ده‌ستبه‌سه‌ركردووه‌و ژماره‌یه‌ك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی-یان ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتووه‌.

ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌ له‌داوی‌ شه‌ڕه‌كه‌وه‌ داعش ده‌ورووبه‌ری به‌نداوی فورات به‌چه‌كی قورس بۆردومان ده‌كات.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، ئه‌میرێكی داعش له‌ناوچه‌ی ته‌بقه‌ به‌ناوی(ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لمانی) له‌گه‌ڵ سێ چه‌كداری‌ تری‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ شه‌وی ڕابردوو له‌شه‌ڕی ده‌ورووبه‌ری به‌نداوی فورات كوژراون.

له‌ ئێستادا شه‌ڕڤانان حه‌وت كیلۆمه‌ترله‌شاری ته‌بقه‌وه‌ دوورن.

تەبقە دەكەوێتە دووری 40 كیلۆمەتر لەخۆرئاوای رەققەو لەساڵی 2014 دا چەكدارانی داعش دەستیانگرت بەسەر بەنداوی ئەو ناوچەیە كە لەهەمانكاتدا بە " بەنداوی فورات" ناسراوە لەگەڵ بنكەیەكی ئاسمانی نزیك لەو شارە.

هه‌ینی‌ رابردوو شه‌ڕڤانان له‌ پێشڕه‌وییان گه‌یشتنه‌ به‌نداوه‌كه‌و ئه‌و به‌شه‌یان كۆنتڕۆڵكرد كه‌ بۆ ئاودانی‌ كشتوكاڵی‌ به‌كاردێت.

لەمانگی تشرینی دووەمەوە ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدانی رەققە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات كەلەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانیان لێدەكرێت دەستيپێكردووەو تائێستا له‌ سێ قۆناغی‌ شه‌ڕه‌كه‌دا شه‌ڕڤانان رووبه‌رێكی‌ فراوانیان له‌ ده‌ورووبه‌ری‌ ره‌قه‌ كۆنتڕۆڵكردووه‌و گه‌مارۆیانداوه‌.

پارێزگای ره‌ققه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا له‌سه‌ر ئاوی فورات‌و 160 كیلۆمه‌تر له‌رۆژئاوای شاری حه‌له‌ب دووره‌، ژماره‌ی دانیشتوانی به‌پێی سه‌رژمێری فه‌رمیی له‌ساڵی 2008دا 191 هه‌زارو 784 كه‌س بووه‌و دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ناوخۆی سوریاو داگیركردنی ئه‌وشاره‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، خه‌ڵكێكی زۆری شاره‌كه‌ كۆچیان كردووه‌.

له‌ساڵی 2013دا ره‌ققه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوه‌ كۆنتڕۆڵ كراو له‌مانگی (كانونی دووه‌م/1)ی 2014وه‌ كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

گرنگی ره‌ققه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌سه‌ر رێگای بازرگانی نێوان شاره‌ گه‌وره‌كانی سوریایه‌‌و ده‌كه‌وێته‌ نێوان شاری حه‌له‌ب كه‌ به‌پایته‌ختی پیشه‌سازی ئه‌و وڵاته‌ داده‌نرێت‌، هه‌روه‌ها پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان‌و هه‌روه‌ها شاره‌كانی سوریاو شاری موسڵ‌و به‌غداد، پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

گه‌وره‌ترین به‌نداوی سوریا له‌ پارێزگای ره‌ققه‌یه‌ كه‌ له‌شاری ته‌بقه‌ له‌سه‌ر ئاوی فورات دروستكراوه‌و كاره‌بای هه‌موو سوریا دابین ده‌كات‌، حكومه‌تی سوریا له‌رابردودا چه‌ندین پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ئاوه‌دانی‌و كشتوكاڵی له‌و پارێزگایه‌ ئه‌نجامداوه‌، ناوچه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیشه‌ به‌ نه‌وت‌و گاز.

هه‌روه‌ها ره‌ققه‌ بۆ داعش ده‌روازه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی سوریا، چونكه‌ سنوری پارێزگاكه‌ ده‌گاته‌ سنوری وڵاتی توركیا.
xandan -
Top