سیتەیی: زیاتر لە ٣٠٠ چەکداری پەکەکە هاتوونەتە ڕیزی هێزەکانی پێشمەرگەوە

 	 سیتەیی: زیاتر لە ٣٠٠ چەکداری پەکەکە هاتوونەتە ڕیزی هێزەکانی پێشمەرگەوە
(هاشم سیتەیی)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، چەکدارانی پەکەکە بەردەوامن لە پێوەندیکردن بە هێزەکانی پێشمەرگەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ چەکداری پەکەکە هاتوونەتە ڕیزی هێزی پێشمەرگەوە.

(هاشم سیتەیی)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ژمارەیەکی زۆر هێزی چەکداری پەکەکە وازیان هێناوە و پێوەندییان بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە، تا ئێستا ئەو ژمارەیە ٣٠٠ کەسی تێپەڕاندووە، کە بەشێکی زۆریان ئێزدین و نایانەوێت لەژێر سیاسەتی پەکەکەدا بمێننەوە، بۆیە دەیانەوێت خۆیان لە تاوان و سیاسەتی پەکەکە دابماڵن و جارێکی دیکە نەبنەوە قوربانیی ئەو سیاسەتە.''

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال گوتی: ''هاوپەیمانەتیی دژی داعش، کە زیاتر لە ٦٠ وڵات تێیدا ئەندامن، نایانەوێت پەکەکە لە شنگال بمێنێتەوە و سەرئێشە و گرفتیان بۆ دروست بکات، بۆیە دەیانەوێت بەزوویی شنگال چۆڵ بکرێت و ئەو شارە نەبێتە مۆڵگەی چەکداری جۆراوجۆر.''

(هاشم سیتەیی) ئاماژەیشی دا: ''هێشتا گەڕانەوە بۆ ناو هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و چاوەڕوانین لە داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر چەکداری پەکەکە بگەڕێنەوە بۆ ناو هێزی پێشمەرگە.'
pdk -
Top