پەرلەمانتارێکی کورد: ئاڵا تاڵەبانی لە بەغدا چووەتە نێو ململانێی نێوخۆیی شیعەکانەوە

 پەرلەمانتارێکی کورد: ئاڵا تاڵەبانی لە بەغدا چووەتە نێو ململانێی نێوخۆیی شیعەکانەوە
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕەخنەی توند لە ئاڵا تاڵەبانی دەگرێت و ئەوە ڕادەگەیەنێت کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، چووەتە نێو ململانێی نێوماڵی شیعەکانەوە.

پاش ئەوەی ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بە بیانووی وەستان لەپشت وەزیرەکانی عێراق، ڕەخنەی لە چوونی نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی عێراق بۆ لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرت.

ئیسلام حوسێن، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەو قسانەی ئاڵا تاڵەبانی بە بەشێک لە ململانێکانی شیعە لێک دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لەبەر ئەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەردانەکە کراوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیگەران بووە. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئاڵا تاڵەبانی تاکلایەنە لە بەغدا کار دەکات، کەوتۆتە ژێر باڵی هەندێک گرووپ و کەسی وەک دەوڵەتی یاسا، بۆ بەرژەوەندیی خۆی کار دەکات“.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەوان وەک فراکسیۆنی پارتی، زیاتر لە جارێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە ”کارەکانی ئاڵا تاڵەبانی لە بەرژەوەندیی کورد نییە و یەکێتیش باوەڕیان بەوە هاتووە“. گوتیشی: ”دیارە ئەو ململانێیەی لەنێو یەکێتیدا هەیە، وای کردووە ئەو لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە“.













باسنيوز

Top