یەکێتی پاساو بۆ دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کوردستان دەهێنێتەوە

 یەکێتی پاساو بۆ دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کوردستان دەهێنێتەوە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەژێر فشاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕێی میدیاکانیەوە، قەیرانی دارایی و کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وەک پاساوێک بۆ دژایەتیکردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەهێنێتەوە.

لەم ماوەیەی دواییدا، ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)ی ئۆرگانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ڕێگەی وتاری جیاجیاوە، هەوڵی زەقکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم سەربەخۆیی کوردستان دەدات. لەمبارەیەوە لە وتارێکدا کە ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە ژمارە 7222ی ڕۆژی 19\3\2017 بە ناونیشانی (دەوڵەتی کوردستان، ماف و ئەرک) بڵاوی کردووەتەوە، نموونەی بە ناکۆکییە سیاسییەکان و بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە و نەبوونی چەک و تفاق و ڕاهێنانی باش و دیاردەی حزبایەتی و فرە سەرکردایەتی وەک خاڵێکی لاوازی هەرێمی کوردستان ئاماژە پێ داوە. ئارێز عەبدوڵا دەڵێت: ”پێش بڕیاری جیابوونەوە یان ڕاگەیاندنی دەوڵەت، دەبێ هەموو ئەو خاڵە نێگەتیڤانە لەبەرچاو بگرین“.

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی لە وتارەکەیدا بانگەشە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و پێدانی چانسێکی دیکە بە عێراق دەکات و ڕای دەگەیەنێت: ”كاتێك باسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كرێت، مانای وایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی عیراقی نوێش فه‌شه‌لی هێناوه‌. ئایا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق درك به‌و مه‌ترسییه‌ ده‌كه‌ن‌ و سه‌رده‌مییانه‌ دێنه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ بۆ سه‌لماندنی ته‌واوی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان یان هه‌ر ده‌ستی ده‌ستیمان پێ ده‌كه‌ن؟“. بە بڕوای ئەو، ئەگەر ئەم هەوڵەش سەری نەگرت، ئینجا کورد بیر لە بژاردەی دیکە بکاتەوە.

لە وتارێکی دیکەدا کە شادومان مەلا حەسەن لە ژمارە 7219ی ڕۆژی 15\3\2017 بە ناونیشانی (پێوەرەکانی دەوڵەتی هاوچەرخ) نووسیویەتی، ئاماژەی بەوە داوە: ”دەوڵەتی هاوچەرخ بە ساڵ و چەند دەیەک نەهاتۆتە بەرهەم، بەڵکوو بە چەندین سەدە ئینجا دەوڵەتی هاوچەرخ هاتە بەرهەم. مەبەست لە دەوڵەتی هاوچەرخ، ئەو دەوڵەتەیە کە وەزیفەی سەرەکیی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە لە هەموو ڕووێکی خۆشیی ژیان، دوور لە چەوسانەوە و قۆرخکاری“.

هەر لەو ڕۆژنامەیەدا، هەندێک لە وتارەکان بە ئاراستەیەکن کە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیدا، ترسی دروستبوونی هەژاری و شەڕ و ناکۆکی لە پرسی سەربەخۆیی لەلای دروست دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا پێشڕەوی مەلا وەیس لە وتارەکەی (باسوخواسی دەوڵەتی کوردی ئامرازە یان ئامانج؟) کە لە ژمارە 7224ی ڕۆژی 26\3\2017 بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: ”کاتێک دەوڵەتی باشووری سودان ڕاگەیاندرا، گەلەکەی ئاهەنگیان گێڕا و وا هەستیان کرد کە ئەم دەوڵەتە وەک عەساکەی موسا، خەونەکانیان بۆ بەدی دەهێنێت، بەڵام دەوڵەتەکە بە دوای خۆیدا هەژاری و ناسەقامگیریی ئەمنی و نەبوونی ئازادی بۆ کردنە دیاری، چونکە دروستبوونەکەی ئامرازبوو نەک ئامانج“.

لە هەمان ژمارەدا سەرتیپ جەوهەر لە وتارەکەی بە ناوی (هاووڵاتی لە نێوان دوو خەوندا)، پرسی سەربەخۆیی کوردستانی بە درووشمبازیی سیاسی وەسف کردووە و پرسی سەربەخۆیی کوردستانی بە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەستووەتەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان بەستووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەکی بەهێزە و هەر لەژێر ڕۆشنایی ئەو پەیوەندییەش، نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی لەگەڵ یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکە لە هاوپەیمانێتییەکی ڕانەگەیاندراودان. بۆیە چاودێران پێیانوایە کە یەکێتی لەژێر فشاری ئێران، دژایەتی پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەکات.











باسنيوز
Top