دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاری 2 ھەزار و 827 خێزان و منداڵ دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 26/3/2017 تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە قەزای شنگال جلوبەرگی منداڵانیان بەسەر ھەزار و 827 منداڵ دابەش کرد، جێگای ئاماژەیە جلوبەرگی پێویست لە چوارچێوەی پڕۆژەی ھاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و unicef دابین کرابوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و unicef، پرۆتۆکۆڵێکییان ئیمزا کردووە و لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵەکەدا ھاوکاری و جلوبەرگ بۆ زیاتر لە 30 ھەزار منداڵی ناوچە تازە ئازادکراوەکان دابین دەکەن، ھەروەھا ئاو و ئاوەڕ بۆ گوندەکانی ئەو ناوچانە چاک دەکەن، بەمەبستی ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و دابین کردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ منداڵانی ناوچەکە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردەوامە لە ھاوکاری کردنی خێزانە کەمدەرامەتەکانی ھەرێمی کوردستان و بە مەبەستی پاڵپشتی زیاتری ئەو خێزانانە، ھاوکاری جۆراوجۆرییان پێشکەش دەکات.
دوێنێ 25/3/2017 تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە تەوێڵە و بیارە، بە ھەماھەنگی دەوڵەتی کوێت ھاوکاری خۆراکییان بۆ 5 سەد خێزانی کەم دەرامەت دابین کرد.
ھەروەھا لە ڕێککەوتی 20/3/2017 تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە شارۆچکەی تەقتەق پریاسکەی خۆراکیان بۆ 5 سەد خێزانی کەم دەرامەت، دابین کرد.
جێگای ئاماژەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە یادی بارزانی نەمردا، چالاکییەکی بەرفراوانی ھاوکارییەکانی بۆ خەڵکی کەم دەرامەت لە سەرتاسەری کوردستاندا بەڕێوەبرد، لەو چالاکییەدا 22 ھەزار خێزانی کەم دەرامەت سوودمەند بوون.
باسنيوز
