جانۆ: گرنگیدانی تایبەتی ترەمپ بە نوێنەری بارزانی هەندێک لایەنی نیگەران کردووە

 جانۆ: گرنگیدانی تایبەتی ترەمپ بە نوێنەری بارزانی هەندێک لایەنی نیگەران کردووە
پەرلەمانتارێکی لێژنەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، پێشوازیی ئەمەریکا لە نوێنەری بارزانی زۆر گرنگ بوو، چونکە شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵی تایبەت بوو، ئەمەش نیگەرانیی بۆ هەندێک لایەن دروست کرد.

ڕێناس جانۆ، پەرلەمانتاری کورد لە لێژنەی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، گوتی: "د.فوئاد حوسێن، شاندی دیپلۆماسی نەبووە، بەڵکوو نوێنەری بارزانی بووە، بۆیە هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی بەپێی پرۆتۆکۆل مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئەو وێنانەی بڵاو بووەتەوە هەندێک کەسی تەنگاو کردووە و هەندێک کەسیشی شۆک کردووە، چونکە د.فوئاد حوسێن، گرنگیی زۆری پێ دراوە، وەک نوێنەری بارزانی تایبەتمەندیی پێ دراوە".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی: "قسەکانی ترەمپ لەگەڵ د.فوئاد حوسێن و ڕاکێشانی بۆ لای خۆی زۆر مانا هەڵدەگرێت و ئەمە زۆر کەسی نیگەران کردووە، بۆیە هەندێک کەسی دەیانەوێت لە گرنگییەکەی کەم بکەنەوە"

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رەخنە لە شێوەی بەشداریی د.فوئاد حوسێن، نوێنەری بارزانی دەگرێت بۆ ئەمەریکا و دەڵێت: "نەدەبوو نوێنەری بارزانی بکەوێتە شوێنی عەبادی".














باسنیوز
Top