لە هەولێر دژی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا خۆپیشاندانێک ساز کرا

لە هەولێر دژی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا خۆپیشاندانێک ساز کرا
پسپۆڕانی زمانی كوردی ڕای دەگەیەنن، بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ خوێندنی زمانی كوردی لە پۆلی 12 ئامادەییدا، سووكایەتیی و بێڕێزییە بە زمانی كوردی.



ئەمڕۆ یەكشەممە 26.3.2017، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پسپۆڕانی زمانی كوردی لە پێش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا.



لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا، پسپۆڕانی زمانی كوردی و عەرەبی، بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتیان خوێندەوە كە تێیدا هاتووە، بۆ بەڕێزان، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمانی كوردستان، داواكاری گشتی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی پەروەردە، سەرۆكایەتیی زانكۆكان و ئەكادیمیای كوردی، وەك پسپۆرانی زمانی كوردی و عەرەبی زۆر بە توندی ناڕەزایەتیی خۆمان بەرانبەر كۆبوونەوەی 8.3.2017ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەردەبڕین، بەتایبەت بڕگەی بە هەژماركردنی ئارەزوومەندانەی زمانی كوردی بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی.



هێماشیان بۆ ئەوە كرد، كە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جۆرێكە لە سووكایەتی و بێڕێزی بەرانبەر زمانی كوردی، چونكە ئەو بڕیارە برینی كۆنمان بیر دەخاتەوە، كە بە درێژایی مێژوو حكوومەتی بەعس و دوژمنانی كورد فشار و هەڕەشەی هاوشێوەیان بەرامبەر زمانی كوردی هەبووە، گومان لەوەدا نییە ئەم بڕیارە بڕیارێكی زانستی نییە، چونكە لە ئەنجامی توێژینەوەیەكی زانستی ئەو بڕیارە نەدراوە و لە هەمانكاتدا دژی ڕێككەوتنی مافی زمانەكان و دژی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكانی وڵاتە.



ئەوەشیان خستەڕوو، هەر سووكایەتیەك بە زمان سووكایەتیكردنە بە ناسنامەی نەتەوەیەك، بۆیە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دژی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەییە.





باسنیوز
Top