سەنتەرێکی مافی مرۆڤ: پەیەدە ئازادییە گشتییەکان پێشێل دەکات

سەنتەرێکی مافی مرۆڤ: پەیەدە ئازادییە گشتییەکان پێشێل دەکات
سەنتەرێکی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، کە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) مافە گشتیی و تایبەتییەکانی مرۆڤ لە رۆژئاوای کوردستان پێشێل دەکات.



بەپێی بەیاننامەیەک، كه، سەنتەری دیموکراتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان رایدەگەیەنێت، چەکدارانی ئاسایشی پەیەدە لە ئێوارەی رۆژی هەینی 24.3.2017 فوئاد ئیبراهیم، نوێنەری لاوانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)یان لە شاری دێرک دەستگیر کردووە.



سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە فوئاد ئیبراهیم لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لە نێوان گوندەکانی شوکر حاجی و مامشۆر لە گوندەوارەکانی دێرک هێنراوەتە خوارەوە و رفێندراوە.



هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، رۆژی پێشتریش چەکدارانی پەیەدە هاووڵاتیی ئەمین عومەر، مامۆستای زمانی کوردی و دەرمانساز لە دەرمانخانەی نەخۆشخانەی نیشتیمانیی لە دێرک‌یان دەستگیر کردووە.



ئەو سەنتەرە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەکات و بارەگاکەی لە شاری هانۆڤەرە لە ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پەیەدە پێشێلکاریی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە گشتیی و تایبەتییەکانی مرۆڤ دەکات.



دوای کشانەوەی هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و کەوتە دژایەتی و کوشتن و راوەدونانی سیاسەتمەدار و حزبە سیاسییە نەیارەکانی خۆی و سەرکوتکردنی هاووڵاتییان.






باسنيوز
Top