ئەنەكەسە: بارەگاكانمان دەكەینەوە و لە خەباتكردن بەردەوام دەبین
(ئیبراھیم برۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا بارەگاكانی ئەنەكەسە و پارتەكانی سەر بە ئەنەكەسە داخراون، بەڵام لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا بڕیار دراوە كە لەم ھەفتەیەدا جارێكی دیكە دەرگای بارەگاكانی خۆمان بكەینەوە و بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بارەگاكانی ئێمە لەلایەن پەیەدەوە رەوا نییە، بۆیە دەرگای بارەگاكانی خۆمان دەكەینەوە و لە خەباتی خۆمان بەردەوام دەبین، ھەرچییەكیش دەیكەن با بیكەن و لە كاردانەوەكانیان ناترسین".
(برۆ) گوتیشی، لە ئێستادا بارەگاكان پاك دەكرێنەوە و كەلوپەلیان بۆ دابین دەكرێت، لەبەر ئەوەی ھەندێك كەلوپەلیان شكێندراون و ھەندێكیش سووتێندراون.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی: "ئێمە لە سەردەمی رژێمی سووریا لە خەباتی خۆمان بەردەوام بووین، ئێستایش پەیەدە ناتوانێ رێگریمان لێ بكات، جا بە كوشتن یاخود گرتن یانیش سووتاندنی بارەگاكان، ناتوانن رێگری لە ئێمە بكەن" .
سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا دەشڵێت: "پەیەدە ٤٣بارەگای ئێمەی داخستووە و زیاتر لە٤٠كەسیشی دەستگیر كردووە، گەر جارێكی دیكەیش بارەگاكانی ئێمە دابخەن ئێمە ھەر بەردەوام دەبین و كاردانەوەی ئێمەیش ئاشتیانە دەبێت كە خۆی لە خۆپێشاندان و كاری مەدەنیانەدا دەبینێتەوە".
ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئێمە لە دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا بەردەوامین بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگەی رۆژ بگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان".
kdp-
