وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا: سەرجەم شایستە داراییەکانی خوێندكارانی‌ تواناسازی‌ خه‌رج ده‌كه‌ین

وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا: سەرجەم شایستە داراییەکانی خوێندكارانی‌ تواناسازی‌ خه‌رج ده‌كه‌ین
وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ ڕایگەیاند، تەواوی‌ پابەندییەکانیان بەرامبەر بەو زانکۆیانەی‌ کە خوێندکارانی‌ تواناسازی‌ تێیدا دەخوێنن جێبەجێ دەکه‌ن و سەرجەم شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج ده‌كرێت.

ئەو وتانه‌ی‌ د.یوسف گۆران وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ لە میانەی‌ کۆبونەوەیەکی‌ لەگەڵ ژمارەیەک لە زانکۆکانی‌ بەریتانیا هات، به‌پێی‌ راگه‌یه‌نراوێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ خه‌ندان نێردراوه‌.

وەزیری‌ خوێندنی‌ باڵا وتی‌ "لە هەوڵ و کۆششەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی‌ شایستە داراییەکانی‌ خوێندکارانی‌ تواناسازی‌ دابین بکات، لە ڕێکەوتی‌ (٦/٣/٢٠١٧) سەرۆکی‌ حکومەت ڕەزامەندی‌ نیشاندا بەتەرخانکردنی‌ بڕی‌ (٣٠) سی‌ میلۆن دۆلار بۆ خوێندکارانی‌ تواناسازی‌ بەتایبەت ئەوانەی‌ ئێستا لە پڕۆسەی‌ خوێندندان".

وتیشی‌ "بەتەرخانکردنی‌ ئەو بڕە پارەیە کێشەی‌ هەر زۆری‌ ئەو خوێندکارانەی‌ تواناسازی‌ چارەسەر دەکات کە ئێستا دەخوێنن".

وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا جه‌ختیكرده‌وه‌، حکومەتی هەرێمی‌ کوردستان و وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا تەواوی‌ پابەندییەکانی‌ خۆی‌ بەرامبەر زانکۆکان و خوێندکارانی تواناسازی جێبەجێ دەکات.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، نوێنەری‌ زانکۆکان ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئەوانیش هاوکار ئەبن و، ڕێژەیەک لە شایستە داراییە خەرجنەکراوەکانی خوێندکارانی‌ تواناسازی دائەشکێنن.

لە کۆبونەوەکەدا، باس لە چەند کێشە و گرفتێک کرا و، بڕیاری پێویستیان لە بارەوە درا بەتایبەت بۆ لەمەودوا بڕیاری‌ ئەوە درا، کە گواستنەوەی‌ شایستە داراییەکانی‌ خوێندکاران لە ڕێگەی‌ سستمی‌ بانکیەوە بێ، نەک وەک پێشتر کە ڕاستەوخۆ ڕادەستی‌ خوێندکاران دەکرا، ئامانجیش لەو پڕۆسەیە پەیڕەوکردنی‌ شەفافیەتی‌ زیاترە لە جێبەجێکردن و ڕایکردنی‌ کاروبارەکانی‌ پڕۆسەکانی‌ بەرنامەی‌ تواناسازی‌.

xandan -
Top