لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی رەقە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دهچێته ئەنقەرە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بڕیارە لەم هەفتەیەدا رێکس تێلێرسۆن یەکەمین سەردانی خۆی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ تورکیا ئەنجام بدات، ئەوەش دوای نیگەرانیە زۆرەکانی بەرپرسانی ئەنقەرە دێت لەئەمەریکا بەهۆی پشتیوانی کردنی هێزە کوردییەکانەوە لەسوریا.
تورکیا فشاری خستووەتە سەر ئەمەریکا بۆ دەستبەرداربوون لەپشتیوانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) چونکە بەبەشێک لەپارتی کرێکارانی کوردستانی (پەکەکە)ی دەزانێت کە سێ دەیەیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لەشەڕدایە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا ئەو هێزە کوردیانە بەکلیلی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی رەقە دەزانن کە شانبەشانی شەڕڤانە عەرەبەکان لەهێزەی سوریای دیموکراتدا خۆیان ڕێکخستووە.
وەزارەتی دەرەوە هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی سەردانەکەی تێلێرسۆن بۆ تورکیا رانەگەیاندووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردوە کە لە 31 ئەم مانگەدا وەزیری دەرەوە سەردانی برۆکسل دەکات بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانی ناتۆ.
ئەوەش لەکاتێکدایە رێکس تیلێرسۆن لەوتەکەیدا لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی 68 وڵات لەواشنتۆن بۆ تاوتوێکردنی شەڕی دژ بەداعش لەعێراق و سوریا رایگەیاند وڵاتەکەی چەند ناوچەیەکی کاتیی ئارام بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان بۆ گەرانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان دادەمەزرێنێت لەهەنگاوی داهاتوویاندا لەشەڕی دژ بەداعش و قاعیدەدا.
"ئەمەریکا فشارەکانی زیاد دەکات لەسەر داعش و قاعیدە و کار دەکات بۆ دامەزراندنی چەند ناوچەیەکی کاتیی ئارام لەڕێی ئاگربەستەوە بۆ ڕێگەدان بەئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان." تیلێرسۆن لەوتەکەیدا وای وت.
خهندان-
