خاوەنی كتێبی"چیاكان تاكە هاوڕێمانن": بۆچوون و پێشبینییەكانی سەرۆكی كوردستان لە راستییەوە نزیكن

خاوەنی كتێبی
تۆرد ڤاڵسترۆم: ئەو كتێبەم نووسی بۆ ئەوەی ویژدانی هەموو جیهان بهەژێنم

تۆرد ڤاڵسترۆم، رۆژنامەنووس و نووسەری سویدیی دۆستی كورد، لە تەمەنی 89 ساڵیدا لە رۆژی 8/2/2017 كۆچی دوایی كرد. ڤاڵسترۆم، بە یەكێك لە گەورەترین رۆژنامەنووسانی نەوەی كۆنی سوید لەقەڵەم دەدرا كە لە ساڵانی 1968 و 1991 خەڵاتی رۆژنامەوانیی وەرگرتووە.

لە تشرینی یەكەمی 1974 لە گەرمەی شەڕی هێزەكانی پێشمەرگە و رژێمی عێراقدا، ڤالسترۆم بە گەشتێك دەگاتە چیاكانی باشووری كوردستان، بەرهەمی ئەم گەشتەش كتێبێكە بەناوی "چیاكان تاكە هاوڕێمانن: راپۆرتێك لە كوردستانەوە". پێش ئەم گەشتە، نووسەرە سویدییەكە زیاتر لە دوو دەیە ئەزموونی نووسین و راپۆرتی لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان هەبووە. یەكەم كتێبیشی "ئاندارین: گەشتێك بۆ ئەمریكای نێوەڕاست" بوو كە لە ساڵی 1953 چاپكرا.

لە ماوەی ئەو بیست ساڵەی یەكەمی كاركردنیدا، شۆڕش و سەرهەڵدانی كەمینەكان و جەنگی نێوخۆیی بابەتی سەرەكی كتێب و راپۆرتە مەیدانییەكانی ڤاڵسترۆم بووە. كاتێكیش لە تارانەوە دەگاتە كوردستان، ماوەی 13 ساڵ بووە شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی كورد و سوپای عێراق لە ئارادا بووە. بەر لە گەشتەكەی بۆ كوردستان "بیافرا" ئەو كتێبە بوو كە ڤاڵسترۆمی پێ دەناسرایەوە. ناوەڕۆكی كتێبەكە راپۆرتێكی مەیدانی تێروتەسەل بوو لەسەر جەنگی نێوخۆیی نایجیریا و سەرهەڵدان و جوداخوازیی خەڵكی بیافرا. ئەو كتێبە چوار ساڵ بەر لە گەشتەكەی بۆ كوردستان چاپكرا.

"چیاكان تاكە هاوڕێمانن" تەنیا راپۆرتێك نییە لەسەر شەڕ، بەڵكو ئاكامەكانی ئەو شەڕەش لەسەر ژیانی خەڵكی ناوچەكە دەخاتەڕوو، بۆیەش بەشێك لەو كتێبە باسی رەوشی ئەو ئافرەت و منداڵە كوردە ئاوارانە دەكات كە لە ترسی بۆردومانی هێزی ئاسمانیی عێراق روویان لە سنوورەكانی نێوان ئێران، توركیا و عێراق كردبوو، لە كاتێكدا "هاوژینەكانیان لە مەیدانەكانی شەڕ بوون". ناوی كتێبەكەش لە یەكێك لە گەڕانەكانی نووسەر بە شاخەكانی كوردستاندا هەڵبژێردراوە، كاتێك ڤاڵسترۆم و پێشمەرگەیەك بەناوی فازڵ بە ڤاڵسترۆمی گوتبوو "چیاكان دەمانپارێزن. چیاكان تاكە هاوڕێمانن".

جیا لەو كتێبە، ڤاڵسترۆم نامیلكەیەكی فۆتۆستۆری لەسەر رەوشی ئەو ناوچانە لە كاتی گەشتەكەیدا ئامادە كردووە كە لە 26 لاپەڕە وێنە و كاپشنی تێر و تەسەل پێكدێت. لەو نامیلكەیەدا لە پاڵ زۆربەی وێنەكان روونكردنەوەی درێژ لەسەر كەسەكانی ناو وێنەكان و بارودۆخی ئەو كاتەی كەسەكان خراوەتەڕوو. تێیدا هەم دیمەنێكی روون لە بارودۆخی ژیانی خەڵكی ناوچەكان و هەمیش دیمەن و شێوازی ژیانی خەڵكی كورد لەو سەردەمەدا دەخاتەڕوو.

كتێبە 150 لاپەڕەییەكەی ڤاڵسترۆم بەرهەمی دوو مانگ مانەوە لە شاخەكانی كوردستان و ژیان لە نێو خەڵكی لێقەوماوی ئەو كاتی باشووری كوردستانە. هەر بۆیە لای ئەو خۆیشی كتێبەكە بەرهەمێكی ئاسایی نییە، بەڵكو كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر خۆیشی دانابوو، بۆیە لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەیەوە دەیگوت "هەر كاتێك ئەو گەشتەم بیر دەكەوێتەوە، چاوەكانم پڕ دەبن لە فرمێسك، من ئەو كتێبەم نووسی بۆ ئەوەی ویژدانی هەموو جیهان بهەژێنم".

لە میدیا و ناوەندەكانی توێژینەوەی سوید، ناوی كوردستانی عێراق و شۆڕشەكانی ئەو پارچەیە بەستراوەتەوە بە ناوی تۆرد ڤاڵسترۆمەوە. لەبەر ئەوەی هەتا ئەم ساتەوەختەش كتێبەكەی ئەو رۆژنامەنووسە بە سەرچاوەیەكی مێژوویی باوەڕپێكراو دادەنرێ. بۆیە لە ئینسایكلۆپیدیای سویدیدا لە پاڵ ناوی ڤاڵسترۆمدا هاتووە: "كتێبەكانی تۆرد ڤالسترۆم لەبارەی ماڵدیڤ، بیافرا و كوردستان كاریگەریی بەرچاویان هەبووە لەسەر دروستبوونی رای گشتی لەبارەی ئەو وڵاتانە و كاریگەرییان لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی هەبووە".

رۆژنامەنووسە سویدییەكە چاوی بە مەلا مستەفا بارزانیش كەوتبوو، بەڵام بەر لەو دیدارە چاوی بە كوڕەكانی بارزانی كەوتبوو. لە بەشێكی كتێبەكەشدا سەبارەت بەوان نووسیویەتی "بەر لەوەی لەگەڵ ژەنەراڵ بارزانی دانیشم، چاوم بە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی كەوت، لەگەڵ مەسعود بارزانی، برابچووكی ئیدریس، قسەم كرد، زۆر گەنج دیار بوو، لای خۆم 18 ساڵم بۆ دانابوو، كەچی دەركەوت تەمەنی 28 ساڵ بوو! بە رواڵەت زۆر لە یەك دەچوون، بەڵام لە قسەكردندا ئیدریس بارزانی دیپلۆماسی بوو، وشەكانی بە وریاییەوە هەڵدەبژارد، بەڵام مەسعود بارزانی بە دڵێكی فراوان... ئەو زۆر نەرم و لەسەرخۆ بوو، زۆر بە باشیش شتەكانی روون دەكردەوە".

لە درێژەی ئەو بەشەدا ڤاڵسترۆم باسی گفتوگۆی نێوان خۆی و مەسعود بارزانی دەكات و دەڵێت "لە مەسعود بارزانیم پرسی دوای تەواوبوونی شەڕ كوردستان بە چ سیستەمێك بەڕێوەدەبەن؟ چونكە كاتێك دەگەڕێمەوە سوید خەڵك پرسیاری ئەوەم لێدەكەن كە كوردستان دوای شەڕ چی بەسەردێت؟ كوردستان دەبێ بە وڵاتێكی سۆسیالیست، چەپ، راست یان موحافەزەكار؟ دەمەوێ بزانم چۆن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە؟ مەسعود بارزانی گوتی: ساڵانێكی زۆرە شەڕ دەكەین، زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هاتنی رۆژی دوای شەڕ دەكەین، كە تێیدا خەریكی كاروباری قۆناغی ئاشتی دەبین. من زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانم پێت بڵێم كە ئێمە دەبینە كۆمەڵگایەكی دیموكراتیكی خاوەن سیستەمێكی پەرلەمانی".

دوای دانیشتن لەگەڵ مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی، ئەوجار چاوی بە مەلا مستەفا كەوتبوو. وەكوو لە نامیلكەی فۆتۆستۆرییەكاندا هاتووە، بارزانی لە ژوورێكدا بە تەنیا چاوەڕێی ئەوانی كردبوو. ڤالسترۆم پرسیاری لە بارزانی كردبوو "ئایا ئیمكانی ئەوە ماوە (لەگەڵ حكومەتی ناوەندی) دانوستاندن بكەن؟" بارزانی لە وەڵامی پرسیارەكەدا بە جدییەتێكی زۆرەوە گوتبووی: "نەخێر! ئێمە هەرگیز جارێكی دی لەگەڵ ئەم حكومەتەدا دانوستاندن ناكەین. ئەمە حكومەتێكی تاوانكارە كە هەموو خەڵكی عێراق رقیان لێی دەبێتەوە... ئێمە دوژمنێكی بێبەزییمان هەیە. (لەو بارودۆخەشدا) تەنیا ماوینەتەوە و دەتوانم بڵێم هیچ دۆستێكمان نەماوە. ئێمە رووبەڕووی دوژمنێك بووینەتەوە كە هیچ هەستێكی مرۆیی ناناسێت".

بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات، ڤالسترۆم بە (رووداو)ی گوت "بۆچوون و پێشبینییەكانی مەسعود بارزانی (سەرۆكی هەرێمی كوردستان) لە راستییەوە نزیكن، بەڵام مەترسی گەورەشی دێتەڕێ". لەو لێدوانەدا باسی ئەوەشی كردبوو كە بە نیازە كتێبێكی دیكە لە درێژەی كتێبەكەی پێشووی لەسەر كوردستان بنووسێ، لەبەر ئەوەی "بە ئەركی خۆمی دەزانم چاوپێداخشاندنەوەیەك بۆ ئەو كتێبەم بكەم، دەمەوێ كتێبی نوێ بنووسم لەبارەی كوردستان، چونكە پێویستە باسی ئەوە بكەم پاش ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە میللەتی كورد بە چی گەیشت. چونكە دوور نییە خەڵكی كوردستان، ئێستاش هێندەی ئەوكات پێویستیان بە یارمەتی و دۆستایەتی هەبێت".

ژەنەڕاڵە بەساڵاچووەكە ناخەوێت

تۆرد ڤالسترۆم لە رێگەی ئیمەیلێكەوە مافی وەرگێڕانی "چیاكان تاكە هاوڕێمانن" بۆ زمانی كوردی بە (رووداو) بەخشیوە. ئەو بەرهەمە لە ساڵی 2002 بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕدرا و لە هەرێمی كوردستانیش چاپكرا.

لە "چیاكان تاكە هاوڕێمانن"، ڤالسترۆم بەمجۆرە باسی كۆتایی دیدارەكەی خۆی و مەلا مەستەفا بارزانی دەكات "كاژێر یەكی شەوی تێپەڕ كردووە، هەموو بەرەكانی جەنگ كپ و بێدەنگن. لە هەموو گوندەكان ئاگرەكان كوژێنراونەتەوە و چوونەتە خەوەوە، بەڵام ژەنەراڵە بەساڵاچووەكە هێشتا بەخەبەرە".



رووداو
Top