سەڵاحەدین بەهادین: ئەگەر پەكەكە بە نیاز بێت بەشێكی باشوور بكات بە هی خۆی هەڵەیە
ئەمڕۆ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند بەشداریكردنی پەكەكە لە شەڕی ڕزگاركردنەوەی شنگال جێی ڕێز و تەقدیرە، بەڵام ئەگەر ئەو كارەیان بۆ ئەوە كردبێ بەشێكی هەرێمی كوردستان بۆ خۆیان ببەن، هەڵەن و سەرناگرێ.
سەڵاحەدین بەهادین ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری سۆران وتارێكی كراوەی پێشكەش كرد و لە میانەیدا باسی لە ناكۆكییەكانی ئەم دواییەی شنگال و پێكدادانە سەربازییەكەی خانەسۆری كرد لەلایەن پێشمەرگەی رۆژئاوا و هێزەكانی پەكەكە.
ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو بە توندی رەخنەی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەر شەڕێكی براكوژی كرد و گوتی "جێی داخە گەلی ئێمە عیبرەت لە براكوژی وەرناگری، هەموو جارێكیش هەر كەسە خۆی بە حەق زانیوە و بەرانبەرەكەی بە ناحەق. بەڵام بۆ ئێمە ئەوە راستە بڵێین كە نابێ ناكۆكییەكان بەڕێگەی سەربازی چارەسەر ناكرێن، بۆیە دەخوازین ڕووداوەكانی ئەو دواییەی شنگال بە گفتوگۆی راستەوخۆ چارەسەر بكرێ".
هەروەها لەبارەی بوونی پەكەكە لە باشووری كوردستان گوتی "پەكەكە زۆر باشی كرد بەشدار بوو لە شەڕی رزگاركردنی شنگال و ناوچەكانی تری وەك كەركوك لە دژی داعش، ئەو بەشداریكردنە جێی ڕێز و تەقدیرە، بەڵام ئەگەر ئەوەی كردبێ بۆ ئەوەی بەشێكی هەرێمی كوردستان بكات بە هی خۆی، هەڵەیە، نە سەردەگرێ و نە دروستیشە".
گوتیشی "دەخوازین لایەنە كوردییەكان بە گشتی لە خەمی دۆزی میللەتەكەماندا بن و لە خەمی پاراستنی قەوارەی باشووری كوردستاندا بن. دەخوازین لایەنەكانی پارچەكانی تری كوردستان ڕێز لە واقیعی باشوور بگرن".
BAS NEWS-
